داعش رێگە بۆ هێرشكردنە سەر بەغدا خۆشدەكات
شێخ محەممەد بەجاری، گوتەبێژی گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكانی فەللوجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"دەنگۆی ئەوە هەیە كە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) رێگە خۆشدەكەن بۆ هێرشكردنە سەر شاری بەغدا لە رێگەی ناوچەی عامرییەی فەللوجە كە نزیكەی ٦٠ كلم لە بەغداوە دوورە".
بەجاری گوتیشی "چەكدارانی هۆزەكان شارۆچكەی فەللوجەو چەند ناوچەیەكی دەورووبەریان كۆنترۆڵكردووە، بەڵام ناوچەش هەن لە فەللوجە نازانین كێ دەستی گرتووەتە سەری و دەنگۆی ئەوە هەیە چەكدارانی (داعش) تاوەكو هەینی داهاتوویان بۆ بنكەی پۆلیسی شارەدێی عامرییەی فەللوجە دیاری كردبێ بۆ رادەستكردنی شارەدێكە".
گوتەبێژی گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكانی فەللوجە ئاماژەی بەوەشدا كە "شاری فەللوجە بە تەواوی لەلایەن سوپای عێراقەوە گەمارۆدراوەو شەڕوپێكدادان لە نێوان سوپاو چەكدارانی هۆزەكان لە ناوچەكانی گەڕمەو سچەبی فەللوجەو ناوچەكانی مەلعەب و ئالبوبالی و خالیدییەی رومادی بەردەوامە".
ئەمە لەكاتێكدایە كاژێر ٦ ئێوارەی دوێنێ ئەو ئاگربەستە كۆتاییهات كە حكومەتی عێراق بۆ چەكدارانی دیاری كردبوو بۆ چۆڵكردنی فەللوجە كە ماوەی نزیكەی دوو مانگە دەستیان بەسەردا گرتووە.
سوپای عێراق لە ٢١ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٣ (مانگی ١٢) ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە دژی چەكدارانی توندرەو لە پارێزگای ئەنبار دەستپێكردوو تا ئێستا بەردەوامە.
هاوكات بەهۆی شەڕوپێكدادانەكانی ئەنبار تا ئێستا بە سەدان كەس كوژراون و برینداربوونە، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار كەس.
رووداو
