لایەنی كوردی: ناكرێت یاسای بودجە بەبێ كورد پەسەند بكرێت

لایەنی كوردی: ناكرێت یاسای بودجە بەبێ كورد پەسەند بكرێت
ئەندامیكی فراكسیۆنی كوردستانی پێی‌وایە ناكرێت ئەنجومەنی نوێنەران وەک ساڵی رابردوو بەبێ كورد یاسای بودجە پەسەند بكات


ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی كوردستانی، مەهدی حاجی، بەئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: هاوپەیمانیی كوردستانی نایەوێت وەكو ساڵی رابردوو یاسای بودجە پەسەند بكات و دوای ئەوەی ئەم ساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەكەی بەبێ رەزامەندی لایەنی كوردی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، ئێمە وەكو هاوپەیمانیی كوردستان بەهەموو شێوەیەك بۆ پەسەند نەكردنی كار دەكەین تاوەكو مافەكانی كورد هەمووی بخرێتە نێو یاساكە و مافی نەتەوەی كورد پێشێل نەكرێت.



مەهدی حاجی، گوتی: پێویستە لەسەر حكومەتی ناوەندی عێراق رێكەوتنیك لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات وسەرجەم كێشەكانی نێوان هەردوو لا چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی یاسای بودجە پەسەند بكرێت و ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی كورد لەپەرلمان یاساكە بخوێندرێتەوە و وەک ساڵی رابردوو پەسەند بكرێت.



هەر چەندە لیستی دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایانگەیاند كە دەبێت لەكۆبونەوەی داهاتووی پەرلمان واتا ئەمرۆ خوێندنەوە بۆ یاسایی بودجە بكرێت ئەگەر لایەنی كوردیش ئامادەی كۆبونەوەكە نەبن، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلمان لەكارنامەی كۆبونەوەكەی ئەمرۆی یەك شەممە یاساكەی دانەناوە.
Top