لاڤرۆڤ: رووسیا بەردەوام دەبێ لە فرۆشتنی چەك بە عێراق

 لاڤرۆڤ: رووسیا بەردەوام دەبێ لە فرۆشتنی چەك بە عێراق
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە هەماهەنگی كردنی عێراق لە رووی سەربازی و جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەک بە عێراق.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "رووسیا بەردەوام دەبێ لە هەماهەنگی عێراق لە رووی ئابووری و بازرگانی و سەربازی بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەك بە عێراق و ئامادەیە هاوكاری عێراق بكات لە شەڕی دژە تیرۆر".

لاڤرۆڤ گوتیشی "رووسیا پاڵپشتی سەركردایەتی عێراق دەكات بۆ بەدیهێنانی پێكهاتنی نیشتمانی و بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق".

وەزیری دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند "رووسیاو عێراق هاوڕان لەسەر گرنگی و پێویستیی بەدیهێنانی چارەیەكی سیاسی و ئاشتییانە بۆ قەیرانی سووریاو پرسی ناوەكی ئێران و سەرخستنی دانووستاندنەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زڵهێز".

پێشتر كەناڵی عێراقییەی نیمچە فەرمی رایگەیاند: "بڕیارە لاڤرۆڤ لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق قەیرانی سووریاو پرسە هاوبەشەكانی نێوان وڵاتەكەی و عێراق بە تایبەت هەماهەنگی لە بواری سەربازی تاوتوێبكات".

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، كە "سەردانەكەی لاڤرۆڤ بۆ عێراق تەنها یەك رۆژ دەخایەنێ و تێیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق قەیرانی سووریاو پرسە هاوبەشەكانی نێوان رووسیاو عێراق تاوتوێبكات بە تایبەت هەماهەنگی لە بواری سەربازی".

ئەمە لەكاتێكدایە عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ رووسیا واژۆكردووە بۆ كڕینی چەكی رووسی، كە بەهای دەگاتە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار و هێلیكۆپتەر، زریپۆش، تەقەمەنی و سیستمی رادار لەخۆدەگرێ.












رووداو
Top