دووساڵە بەغداد نەچۆتە ژێر باری جێبەجێ کردنی پڕۆژە بڕیارێک لەبەرژەوەندی پەنابەران

دووساڵە بەغداد نەچۆتە ژێر باری جێبەجێ کردنی پڕۆژە بڕیارێک لەبەرژەوەندی پەنابەران
ماوەی دوو ساڵە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە بڕیارێکی لە بەرژەوندی پەنابەرانی عێراق لەدەرەوە پەسەند کردوە، بەپێی ئەو پڕۆژە بڕیارە ڕێگە دەگیرێت لە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران و ئەوانەشی بەزۆر گەڕێندراونەتەوە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی ناوەندی عێراق نەچۆتە ژێر باری جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژە بڕیارەوە.



بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەهەرێمی کوردستان، ئامانج عەبدوڵا ، لەبارەی جێبەجێ نەکردنی ئەو پڕۆژە بڕیارەوە تایبەت بۆئاژانسی پەیامنێر گووتی "دوو ساڵ پێش ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە بڕیارێکی لەبەرژەوەندی ئەو پەنابەرانە دەرکرد کەوا لە ژێر هەڕەشەی بەزۆر ناردنەوەدان بەڵام تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە".



گووتیشی "بەپێی ئەو پڕۆژە بڕیارە سەرجەم ئەو پرۆتۆکۆڵ و ڕێکەوتنانە هەڵدەوەشێتەوە کە حکومەتی ناوەندی لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا لە بارەی پرسی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران ئەنجامی داون هاوکات فڕۆکەخانەکانی عێراقیش هیچ پەنابەرێکی بەزۆر نێردراوە وەرناگرێت".



ڕاشیگەیاند "هەر بەپێی پڕۆژە بڕیارەکە پەنابەران قەرەبوو دەکرێنەوەو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین دەکرێت بەڵام ئەوانە تەنها نوسینی سەرکاغەز بوون و هیچیان جێبەجێ نەکراون".
Top