ئەمریكا هێلیكۆپتەری ئاپاتچی رادەستی عێراق دەكات
ویڵیەم بێڵ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی هەماهەنگی ئەمنی ئەمریكا لە عێراق دوێنێ 14-2-2014 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "ئەمریكا لەنێوان 12 بۆ 24 هێلیكۆپتەری ئاپاتچی بەشێوەی بەكرێدان رادەستی عێراق دەكات"، بەبێ ئەوەی وادەی رادەستكردنی دیاری بكات.
بێڵ گوتیشی: لەماوەی دوو رۆژی رابردوو ئەمریكا 27 سندووق چەك و 5 ملیۆن گوللـەی جۆراوجۆری رادەستی عێراق كردووە، لەدوو رۆژی داهاتووشدا هەزارو 300 گوللـە تۆپ و 2400 مووشەكی هێلیكۆپتەر جۆری هێڵ فایەرو 100 مووشەكی دیكە رادەستی عێراق دەكات.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی هەماهەنگی ئەمنی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە "وڵاتەكەی لە دوو مانگی داهاتوو 200 موشەكی هێڵ فایەر رادەستی عێراق دەكات و مانگی ئەیلوولی داهاتووش یەكەم دوو فڕۆكەی جۆری (F16) رادەستی عێراق دەكات".
گرێبەستی كڕینی چەك لەلایەن عێراقەوە لە ئەمریكا لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردوولا دێ كە لە ساڵی 2008 واژۆیان كردو جەخت لەسەر مەشقپێكردن و پڕچەككردنی هێزەكانی عێراق دەكات لەلایەن ئەمریكاوە.
رووداو
