لە سلێمان بەگ چەكدارانی داعش سوپای عێراقیان ناچار بە كشانەوە كردووە
تالیب بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕوپێکدادانی سەخت ئێستا لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی (داعش) لەنێو کوچەو کۆڵانەکانی سلێمان بەگ بەردەوامەو سوپا بەناچاری زریپۆش و مووشەکهاوێژەکانی بەرەو دەرەوەی شارەدێکە کشاندووەتەوەو چەکدارانیش هێشتا لە ناوەراستی سلێمان بەگ ماون".
بەیاتی گوتیشی "ئەوەی پشتیوانی سوپای عێراق دەکات لە سلێمان بەگ تەنها پۆلیسی شارەدێکەیەو هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک لەو شەڕە تێنەوەگلاون".
بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ راشیگەیاند "سوپا ئێستا سلێمان بەگی گەمارۆداوەو زۆربەی دانیشتوانی شارەدێکەش کە ژمارەیان بە 14 هەزار کەس مەزەندە دەکرێ بەرەو شارەکانی دیکە هەڵاتوون".
تالیب بەیاتی ئاماژەی بەوەشدا "شەڕوپێکدادانەکانی سلێمان بەگ کە سێ رۆژە بەردەوامە چەند کوژراو بریندارێکی لێکەوتووەتەوە لە پۆلیس و خەڵکی مەدەنی، جگە لە کوژرانی چەند چەکدارێکی (داعش)".
بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ ئەوەشی خستەڕوو "کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە سلێمان بەگ زۆر خراپەو ماوەی سێ رۆژە کارەباو ئاوی خواردنیش لە شارەدێکە بڕاوە".
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە چەکدارانی (داعش) دەستیان گرتووە بەسەر شارەدێی سلێمان بەگ، کە دەکەوێتە نزیک رێگەی سەرەکی کەرکووک بەغداو سێ رۆژە شەڕوپێکدادان لە نێوان سوپاو ئەو چەکدارانە لە سلێمان بەگ بەردەوامە.
سەرهەڵدانی چەکدارانی (داعش) لە شارەدێی سلێمان بەگ هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای عێراق لە دژی چەکدارانی داعش لە پارێزگای ئەنبار، کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە دەستپێکردووەو هێشتا شارۆچکەی فەللوجەی لە دەستی (داعش) دەرنەکردووە.
رووداو
