مالیكی هەڕەشەی هێرشی سوپا دەكات
نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە وتارەی هەفتانەی خۆیدا، كە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەشیكرد، رایگەیاند حكومەت لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا دەستدەكات بەوەی كە پێویستە لە ئەنبار بكرێت، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە هێرشی چەكداری بكات و گوتی "یەكلاكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی ئەنبار بەلای حكومەت زۆر گرنگە بۆ ئەوەی خەڵی بگەڕێنەوە سەر جێگاو رێگا و كارەكانی خۆیان، لە دوو سێ رۆژی داهاتووشدا دەستدەكەین بە گەڕاندنەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ پارێزگاكە".
مالیكی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا گوتی "بە فەرماندەكانی سووپا رادەگەیەنین، كە جیاوازی بكەن لەنێوان ئەو شوێنانەی مەدەنینشینن لەگەڵ ئەو شوێنانەی بوونەتە كارگەی بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل، بەڵام چەندین جار ئەوەمان دووپاتكردووەتەوە لەهەر شوێنێك، ئینجا ماڵ بێت یان هەر دامەزراوەیەكی دیكە لەوێوە تەقە لە هێزەكانمان بكرێت، یان هێرشیان بكرێتەسەر، بێگومان دەبێتە ئامانجی سووپا، تەنانەت هەندێك شوێنی فەللوجە بوونەتە كارگەی سەربازی و لەلایەن ئەفسەرانی رژێمی پێشوو و ئەفسەرانی هەندێك وڵاتی دیكە كاریان تێدا دەكرێت بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنی ئەوانە ئامانج دەبن، بەتایبەتی كە ئێمە رامانگەیاندووە بەو زووانە، بە پلانێكی تۆكمە كۆتایی بەو بارودۆخە دەهێنین".
هەروەك گوتیشی: "دوای ئەو قۆناخەش حكومەتی محەلی و هەموو وەزارەتەكان دەبێت هاوكار و هەماهەنگبن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە، هەروەها لیژنەی بەپەلە دروستدەكرێن بۆ دەستنیشانكردنی زیانەكانی خەڵك و پرد و رێگاكان بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا شوێنەوارەكان بسڕینەوە و كۆتایی بە گەڕانەوەی تیرۆر بهێنین لە ناوچەكەدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو گەلی عێراق یەكڕان دەرفەتی تیرۆر نەدەن، تەنیا ئەوانە نەبێت، كە دەیانەوێت لە ئاوی لێل راو بكەن".
سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد ئەوەی قاعیدە بە هاوكاری لایەنە دەرەكییەكان دەیەوێت بیكات، دابڕینی ئەنبارە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی پارێزگای ئەنبار رووبەرێكی فراوانی هەیە و سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە. "دوای گەڕاندنەوەی ئەمن و ئاسایش، ئێمە لەهەموو روویەك لەهەوڵی ئەوەدا دەبین بونیادی شارەكە ببوژێنینەوە لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی، داواش لە هەموو لایەنەكان و خەڵك دەكەم لەگەڵ ئەو پلانەبن، كە لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا جێبەجێی دەكەین هاوكار و پشتیوان بن".
رووداو
