رەنگە مالیكی بە هۆی كێشەی نەوتی كوردستان سەردانی توركیا هەڵبوەشێنێتەوە

رەنگە مالیكی بە هۆی كێشەی نەوتی كوردستان سەردانی توركیا هەڵبوەشێنێتەوە
بڕیاربوو ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دواجار سەردانی توركیا بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بكاتەوە، بەڵام رەنگە ئەم سەردانە بەهۆی كێشەی نەوتی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.


بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی تودەی زەمانی توركیا كە بەزمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێتەوە، نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتی بەغدا بڕیاربوو لەم مانگەدا سەردانی توركیا بكات و بەمەبەستی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و چارەسەركردنی كێشەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ توركیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی توركی كۆببێتەوە. بەڵام درێژەكێشانی ئەو كێشەیە و مانەوەیەی قەیرانەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەو سەردانەی مالیكی بۆ توركیا لە هەڵوەشاندنەوە نزیك كردووەتەوە.



بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە : هێشتا دانووستانەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت بەردەوامە و ئەو مەسەلەیەش بۆ بەغدا هەستیارە و چەندین جاریش بەرامبەر بە رێككەوتنەكەی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان ناڕەزایی راگەیاندووە و پێدەچێت مالیكیش نەیەوێت پێش ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت، بێتە توركیا. لەگەڵ ئەوەش دیار نییە كە ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێ.



وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغلو كە بەمەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخی هەردوولا مانگی تشرینی دووەمی رابردوو سەردانی عێراقی كرد ، رایگەیاند كە، بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و تێكچوونەوەی بارودۆخی ئەمنی عێراق سەردانەكەی مالیكی بۆ توركیا لە بەرنامەی كارەكانی ئەوەندا نەماوە.
Top