سەرکردەکانی سوننە رووبەڕووی یاسای ریشەکێشکردنی بەعس دەبنەوە
بەختیار عومەر قازی، جێگری سەرۆکی دەستەی نیشتمانی باڵا بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری عێراق بە ماڵپەڕی (مەدا پرێس)ی راگەیاند: "ژمارەی ئەو کاندیدانەی تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو دوورخراونەتەوە، گەیشتە 379 کاندید و 69 لەو کاندیدانەش بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەریان، پێشتر لەلایەن دادگاوە دوورخراونەتەوە".
قازی گوتیشی، "دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری لە 80% ناوی کاندیدەکانی کۆڵیوەتەوە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە 10 هەزارو 293 کاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق".
جێگری دەستەی نیشتمانی باڵا بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری عێراق راشیگەیاند، کە "ئەو کاندیدانەی تاوەکو ئێستا دوورخراونەتەوە، کەسی ناسراو و سەرکردەیان تێدا نییە".
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و زافر عانی، گوتەبێژی هاوپەیمانی (موتەحیدون)، کە ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، هەڕەشەی ریشەکێشکردنی بەعسیان لەسەرە.
ئەم بۆچوونەش پشت بە هەڕەشەکانی ریشەکێشکردنی سەرکردەکانی سوننە دەبەستێ، کە بەرهەڵستکاری نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوون لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو پەرلەمانە لە 30ـی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێ.
رووداو
