عێراق هەوڵی واژۆکردنی گرێبەستێکی دیکەی چەک لەگەڵ ئەمریکا دەدات
ئاژانسی هەماهەنگی بەرگری ئەمریکا، کە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە بە داواکاری فرۆشتنی 18 سیستەمی راداری جۆری (ATC) و کەرەستەی پێویست بۆ کارپێکردنی ئەو سیستەمە بۆ بەکارهێنانی سەربازی بە عێراق بچێتەوە، کە بەهای دەگاتە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار".
ئاژانسەکە راشیگەیاند: "فرۆشتنی ئەو سیستەمە بە عێراق توانای هێزی ئاسمانی عێراق، کە هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکایە، زیاتر دەکات، چونکە ئەو سیستەمە توانای کۆنترۆلکردنی ئاراستەی فرۆکەی هەیەو دەتوانێ فرۆکە ناچار بکات بنیشێتەوە".
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەپێی داواکارییەکانی حکومەتی عێراق، بڕیارە ئەو رادارانە لە چوار بنکەی سەربازی لە بەسرە لە باشووری عێراق و لە کوت لە ناوەراست و لە تکریت لە باکوور و لە تاجی لە نزیک پایتەختی عێراق دابنرێن".
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق بە بری نزیکەی 15 ملیار دۆلار گرێبەستی کڕینی چەکی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە، کە فرۆکەی (F16) لەخۆدەگرێ.
رووداو
