لیستی ئەحرار: داوا دەكەین كۆمسیۆن ڕازی نەبێت لەسەر كاندید كردنی موشعان جبوری
حاكم زاملی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی ئەحرار بەئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند : داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین لەعێراق ڕازی نەبن لەسەر خۆ كاندید كردنی مشعان جبوری كە ئێستا كراوە بە ئەندامی لیستی عەرەبیە بۆ بەشداری كردنی لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان چونكە ناوبراو كێشەی زۆرە وداواكراوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی.
وتیشی: موشعان جبوری چەندین ساڵە پۆلیسی ئەنترپولی نێودەوڵەتی بەدوایدا دەگەڕێت و داواكراوە چونكە بەدەیان كردەوەی دزی و نابەجێ ی كردووە و هەروەها بەملیۆنەها پارەی عێراقی دزیوە بەناوی كۆمەڵەی نیشتمانی كە بڕیاربوو خۆراك بۆ سوپای عێراقی بهێنێت بەڵام سەرجەم پارەكانی دزی و بۆ دەرەوەی وڵات ڕایی كرد.
ڕوونی كردەوە: پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان زیاتر ئاگادار ببێت لەكاندید كردنی هەر كەسێك كە دەیەوێت بەشدار بێت لەهەڵبژاردنی پەرلەمان .
