دەبی کۆنگرەیەکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەنبار ببەسترێ
سەرۆکی لیستی عێراقییە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، بە گرنگی زانی نوێنەرانی مەدەنیی خۆپیشاندانی ئەنبار ئامادەی ئەو کۆنگرەیە بن، کە پێشنیازیشی کردووە کۆنگرەکە لە شاری نەجەف ببەسترێت.
عەللاوی باسی رەوشی ئێستای ئەنباری کرد و گوتی، ئەگەر ئەو رەوشە بەو شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ، ئاکامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، کە بەدڵی کەس نابێ.
ئەم پێشنیازەی عەللاوی لەکاتێکدایە، وەزارەی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، کە هێزەکانی سوپا 35 چەکداری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)یان لە شاری رومادی (سەنتەری پارێزگای ئەنبار) کوشتووە و زیانی زۆریان بە رێکخراوەکە گەیاندووە.
لە 21ـی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێزەکانی سوپا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان، دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستپێکردووە، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
رووداو
