مالیكی: لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەوڵی زیادكردنی بەرهەمی نەوت دەدەین
نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەی خۆیدا لە شاری بەغدا تیشكی خستە سەر سێ خاڵە، لەوانە باری ئەمنی، پرسی نەوت و بوجەی گشتیی عێراق.
سەبارەت بەو دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەی كە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێ ،گوتی "عێراق سوورە لەسەر كۆتاییهێنان بە دەستە و تاقمە تیرۆریستییەكان لە عێراق".
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ لایەنێكیش بكات، گوتی "هەركەس و لایەنێكیش لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق پشتیوانی تیرۆر و تیرۆریستان بكات لە بەرامبەریدا دەوەستینەوە".
سەبارەت بە بارودۆخی روومادی و فەللوجە، نووری مالیكی گوتی "سوپا بەردەوامە لە گەمارۆدانی ئەو شوێنانەی، كە تیرۆریستان خۆیان خزاندووەتە ناوی، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەوڵی ئەوەدا دەبین زیان بە هاووڵاتیانی عێراق نەگات".
هەر لە وتارەكەیدا مالیكی باسی پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی كرد لە عێراق و گوتی "لێرە و لە هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتین بۆ ئەوەی داهات زیاتر بێت و بەشی ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی گوزەرانی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدانو چین و توێژەكانی عێراق بكات". بەڵام لەوە زیاتر نەچووە نێوەڕۆكی ئەو كێشانەی لەنێوان بەغداو هەولێر هەیە لەسەر ئەو پرسە.
مالیكی لە بەشێكی وتارەكەیدا دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد بۆ پەسەندكردنی یاسای خانەنشینی و گوتی "ئەگەر لەمپەر لەبەردەم پەسندكردنی پڕۆژە یاساكە نەكرابا و موزایەدەی پێوە نەكریە، ئەوا پرۆژە یاساكە هێندە دوا نەدەكەوت".
راشیگەیاند "موزایەدە و تەگەرە دروستكردنی لایەنەكان لەبەردەم پرۆژە یاساكان، كاریگەری نەرێنی لەسەر راپەڕاندنی ئیشوكاری حكومەت و گوزەرانی خەڵك دادەنێت و رێگر دەبێت لەوەی حكومەت خزمەتی خەڵك بكات".
داواشی لە ئەندامانی پەرمان كرد پەلە بكەن لە پەسندكردنی بودجە، "چونكە ئەگەر بودجە دوابكەوێت، ناتوانین گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق چاكبكەین".
رووداو
