سوپا لە هەوڵی هەڵكوتانە سەر فەللوجەدایە... پەرلەمانتارێك: هۆشداری شەڕی نێوخۆ دەدات
كەناڵی عێراقییە دەڵێت، هێزە هاوبەشەكانی سوپای عێراق، بۆ پاككردنەوەی شاری فەللوجە لە "تیرۆریستانی داعش" ڕێوشوێنی هێرشكردنی گرتووەتە بەر، ئەمە لە كاتێكدایە ئەگەر بەرپرسانی "داعش" بە دەنگ كەسایەتی و سەرۆكهۆز و پیاوانی ئایینی و بەرپرسانی ناوچەكەوە نەچن بەوەی كە بواریان ڕەخساندووە تا چەكداران شارەكە جێ بهێڵن، ئەوا دەبێت بەروڕووبوونەوە قبووڵ بكەن.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكە ڕوونی دەكاتەوە، ئەگەر هێرشەكەی سوپای عێراق ئەنجام بدرێت، لە سێ قۆڵەوە هەڵدەكوتنە سەر فەللوجە. بەڵام پەرلەمنتارێكی ڕەوتی موتەحیدوون كە ئوسامە نوجێفیی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات دەڵێت، "ئەگەر سوپا هەڵكوتێتە سەر فەللوجە كە زۆرینەی دانیشتوانی سوننەن، ڕەنگە كارەساتی گەورە بكەوێتەوە و بێگومان شەڕی نێوخۆ بەرپا دەبێت."
ئەحمەد مەساریی پەرلەمانتار داوا لە حكوومەت دەكات كە مافی مانگرتووانی ئەنبار و پارێزگاكانی دیكەیش بپارێزێت و دەشڵێت "دەبێ حكوومەت كەڵكی لە ئەزموونەكانی ڕابردوو وەرگرتبێت"، بە ئاماژە بە وەك ئەوەی ئەو دەڵێت "كوشتارگەی حەویجە" كە دەكەوێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.
ئەو هاوكات داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد تا سوپاكەی لە ئەنبار بكێشێتەوە و پاككردنەوەی پارێزگاكە بە هۆزەكانی بسپێرێت و با پۆلیسی ناوچەكەیش هاوكاریان بن.
