هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر فەللوجە لە ئانوساتدایە
ئەو ئامادەكارییەی سوپای عێراق بۆ هێرشكردن بۆ سەر ئەو شارە لە كاتێكدایە ئیئتیلافی موتەحیدون هۆشداری داوەتە سوپای عێراق هیچ هێرشێك نەكات بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەمنی زیاتر تێكنەچێت.
بەرپرسێكی ئەمنی عێراق رایگەیاند "نووری مالیكی سەرۆك وەزیران، كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانیشە، بڕیاری هێرشكردنە سەر فەللوجە و گەمارۆدانی شارەكەی داوە، دوای ئەوەی ئەو وادەیە كۆتاییهات، كە بۆ خێڵەكانی ناوچەكەی دیاریكردبوو تاوەكو چەكداران لە ناوچەكانیان وەدەربنێن".
گوتیشی "خێڵەكانی فەللوجە كاتی تەواویان پێدرابوو بۆ دەركردنی چەكدارەكان، بەڵام نەیانتوانی ئەو چەكدارانە دەربكەن".
دانیشتووانی فەللوجە دەڵین "سەرجەم هۆیەكانی پەیوەندی شارەكە پچڕاون"، بەگوتەی بەرپرسانی سوپای عێراقیش "بۆردوومانی شارەكە دەستیپێكردووە، وەك سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی هێرشە چاوەنڕوانكراوەكەی سوپا بۆ سەر شارەكە".
وەزارەتی بەرگری عێراقیش رایگەیاند "سوپا و هێزە ئەمنییەكان بە پشتیوانی چەكدارانی خێڵەكان، هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەكی رومادی و دەوروبەری فەللوجە دەستپێكردووە، توانیویانە دەیان چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بكوژن".
پارێزگاری ئەنباریش دوا هۆشداری داوەتە چەكداران بۆ ئەوەی، شارەكە چۆڵ بكەن یان خۆیان بەدەستەوە بدەن".
هەرچەند ئوسامە نوجێفی داوای لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و كوتلە سیاسییەكان كرد كۆببنەوە و چارەسەرێكی سیاسی بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، بەڵام وەك دیارە چاوەڕوان دەكرێت لەچەند كاژێری داهاتوودا ئەو شەڕەی نێوان سوپای عێراق و خێڵەكان و چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستپێبكات، كە نازانرێت ئەنجامەكەی چی دەبێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
رووداو
