حەکیم و سەدر و عه‌للاوی دژی کاندیدکردنەوەی مالیکیین

حەکیم و سەدر و عه‌للاوی دژی کاندیدکردنەوەی مالیکیین
ئەیاد عەللاوی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراقی ئاشکرای کرد کە عەمار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر دژی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی سه‌رۆك وه‌زیرانن بۆ حكومه‌تی داهاتوو.
ئەیاد عەللاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی گوتی “حکومەتی مالیکی بەرپرسیارە لەو قەیرانە سیاسی و ئاسایشیەی کە عێراقی گرتۆتەوە، داواشی لێ کرد دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی قاعیدە و تیرۆر وەکو یارییەک”.
عەللاوی دەپرسێ ئایا رێکخراوی قاعیدە لە ئەنبارە یا لە موسڵە یان لە بەغدا، ئەوەی کە روودەدات تیکەڵکردنی بابەتەکانە، ئەگەر نا چ مانایەکی هەیە سیاسییەکی عێراقی ناودار لە پڕدا ببێتە تیرۆرست.
عەللاوی لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ کەناڵی (ئەلعەرەبییە) گوتی “دەبوایە مالیکی ساڵێک لەمەوبەر گوێڕایەڵی خۆپێشاندەران بووایە، بەڵام ئەو هەر بەناوی قاعیدە و تیرۆرەوە ناوزەدی دەکردن”.
بەگوێرەی ئاژانسی (الیوم الثامن) دوێنێ هه‌ینی 31-1-2014 ئەیاد عەللاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی کۆبوونەوەکەی شەوی پێنجشەممەی لەگەڵ سەرکردەی رەوتە شیعییەکان ئاشکرا کرد و گوتی “عەممار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر دژی خۆکاندیکردنەوەی مالیکین بۆ جاری سێیەم”. هەروەها عەللاوی رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق گرت و گوتی “ئەمریکییەکان گوێ بەکەس نادەن و ئەوەی خۆیان بیانەوێ دەیکەن، بینیشمان چۆن واشنتۆن هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی گرێداوە”.











باسنیوز
Top