شەڕ لەگەڵ داعش بەردەوامە و لە دیالەش 8 چەكداریان كوژران

 شەڕ لەگەڵ داعش بەردەوامە و لە دیالەش 8 چەكداریان كوژران
ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزەكانی جەزیرەو بادیە رایانگەیاند كە هێزەكانی جەزیرە توانیویانە هەوڵی دزەكردنی چەكدارانی داعش لە سوریاوە بۆ ناو خاكی عێراق تێكبشكێنن و ژمارەیەك چەكداری داعش بكوژن .

سەرچاوەكە روونیكردەوە لە شەوی رابردوو هێزەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی داعش لە خاڵی سفری ناوچەی بوكەمال نزیك ئەنبار روو بەروو یەكتر بوونەوە كە چەكدارانی داعش هەوڵی هاتنە ناوەوەی خاكی عێراقیان دەكرد لە ئاكامدا ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون و هەندێكیش بۆ ناو خاكی سوریا گەرانەوە . سەرچاوەكە روونیكردەوە كە شەرو پێكدادانەكە نزیكەی پازدە خولەكی خایاند و سوپای عێراقیش هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە .

لەلایەكی دیكەوە و لە ئاكامی شەڕو پێكادانی نێوان سوپای عێراق و داعش 8 كەس كووژران.لەمبارەیە سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق رایگەیاند كە هێزەكانیان لە زنجیرە چیای حەمرین بەرەنگاری چەكدارانی داعش بوونەتەوە و لە ئاكامدا 8 چەكداری داعشیان كوشتووە و هەروەها 7 ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش سوتێنران و چەكدارانی داعش ناچار پاشەكشەیان كردووە .چەكدارانی داعش تا ئێستا لەبارەی ئەم هەواڵەوە هیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە.
Top