بهغدا: نایەڵین ئەوەی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیایه بەردەوام بێت
حسێن شەھرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە پەیمانگای شاھانەی بەریتانی چاتھام ھاوس وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند کە لە ئێستادا یەدەگی نەوت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا لەسەروو 1,2 ترلیۆن بەرمیلە واتە نیوەی تەواوی یەدەگی دونیا. ھەر لە وتارەکەیدا کە بەشێک بوو لە کۆنگرەی ساڵانەی وزەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گوتی ’بڕی نەوتی یەدەگی عێراق دەگاتە 150 ملیار بەرمیل و لەساڵی داھاتوو بەرھەمھێنانی نەوت دەگاتە 4,7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا واتە بە رێژەی 50٪ زیاد دەبێت کە لەئێستادا رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل بەرھەم دەھێنێت، بڕیاریشە بۆ ساڵی 2020 بیگەیەنینە 9 ملیرا بەرمیل لە رۆژێکدا’.
سەبارەت بە بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەدەرەوەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراقی کە بەبۆچوونی ئەوان ھەر گرێبەستێک لەدەرەوەی سۆمۆ بێت قەدەغەیە گوتی ’ئێمە بە روونی بە تورکیا و ھەرێمی کوردستانیشمان راگەیاندووە کە نایەڵین ئەو دۆخە بەردەوام بێت’.
دووشەممەی رابردووە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا رایگەیاند ’کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر یەک خاڵە، ئەوان دەیانەوێ ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بداتە کۆمپانیای سۆمۆ و لەرێی ئەوانە بخرێتە بودجەی عێراق پاشتر ئەوان بەشی ھەرێمی کوردستانی لێ دەربکەن و ھەرێمی کوردستانیش ھیچ مافێکی لەسەر ئەو نەوتە نەبێت کە لەخاکی خۆمان دەردەھێنرێت لەوە زیاتر’.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی ’ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو رێگەچارەیەکە بۆ کێشە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا، چەندین وڵاتی دونیا لەمیانەیانا ئەمەریکا پشگیری ئەو رچارەسەرە دەکات، بەڵام ئەوان ئێستاش بەچاوی رژێمی پێشوو دەڕواننە ھەرێمی کوردستان و لە بابەتی بودجەش دەیانەوێ بەشێوەی پارێزگا دابەش بکرێت نەوەک ھەرێم’.
باسنیوز
