كۆمسیۆن لە ناوی دەنگدەرە عەرەبەكانی كەركووك دەكۆڵێتەوە

 كۆمسیۆن لە ناوی دەنگدەرە عەرەبەكانی كەركووك دەكۆڵێتەوە
ئەندامێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند كۆمسیۆن لە ناوی ئەو دەنگدەرە عەرەبە هاوردانەی كەركووك دەكۆڵێتەوە كە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور فۆرمی خۆراكیان لە پارێزگای كەركووكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكەی عێراق گواستووەتەوە.

سیروان ئەحمەد رەشید، ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"كۆمسیۆن لە ناوی ئەو دەنگدەرە عەرەبە هاوردانەی كەركووك دەكۆڵێتەوە كە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور فۆرمی خۆراكیان لە پارێزگای كەركووكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكەی عێراق گواستووەتەوەو ناویان لە تۆماری ناوی دەنگدەرانی كەركووك هاتووەتەوە".

گوتیشی "دەبێ چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بكەین بۆ ئاشكراكردنی راستی و دروستی ئەو پرسە لە كەركووك".

ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە "كۆمسیۆن پرۆسەی دابەشكردنی كارتی دەنگدەرانی دەستپێكردووەو ئەو كارتەی بەسەر پارێزگاكانی بەسرە و بابل و دیوانییە و نەجەف دابەشكردووە .

سیروان ئەحمەد رەشید راشیگەیاند كۆمسیۆن بەردەوام دەبێ لە دابەشكردنی كارتی دەنگدەران بە سەر پارێزگاكانی دیكەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەر كاتێك كارتی تایبەت بەهەر پارێزگایەك یان هەرێمی كوردستان ئامادە بێ.

بەپێێ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بڕیارە لە 30 مانگی نیسانی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەو پەرلەمانە بەڕێوەبچێ.










رووداو
Top