زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدایان هەژاند
سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاند كە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدای پایتەختیان گرتووەتەوەو زیاتر لە 60 كەسیش بوونەتە قوربانی.
بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییانە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی تۆپچی بەغدا تەقیوەتەوە و لەئەنجامدا 5 كەس كوژراون و 6ی دیكەش برینداربوون. هاوكات لە ناوچەی مەنسوور ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا 3 كەس كوژراون و 8ی دیكە برینداربوون.
سەرچاوە ئەمنییەكان راشیانگەیاندووە، كە تەقینەوەیەك لە ناوچەی نەهزە كوژراوێك و 4 برینداری لێكەوتووەتەوە.
لە درێژەی زنجیرە تەقینەوەكاندا، لە ناوچەی جامیعە ئۆتۆمبێلێكی دیكە تەقیوەتەوەو لە ئەنجامدا 5 كەس كوژراون و 11ی دیكە برینداربوون، ئەمە لەكاتێكدا قوربانیانی تەقینەوەكەی گەڕەكی عەدل 2 كوژراو و 8 برینداری لێكەوتەوە.
لە ناوچەی سەڕافییەش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا 2 كەس كوژران و 6ی دیكە برینداربوون.
رووداو
