مالیكی، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای عێراقی ئاشكراكرد

 مالیكی، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای عێراقی ئاشكراكرد
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ئامانجی سوپای عێراق، قاعیدە و هەموو ئەوانەیە پشتیوانی قاعیدە دەكەن، گوتیشی پاشگەزنابنەوە لەو ئۆپەراسیۆنەی دەستیان پێكردووە.

نو‌وری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە وتاری هەفتانەی خۆیدا گوتی "عێراق پارێزگاری لە مرۆڤایەتی و جیهان دەكات لە شەڕی دژی تیرۆر، ئەمەش نەك تەنها بە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، بەڵكو لە رێگای وشككردنی سەرچاوەكانی پاڵپشتیی تیرۆر لەرووی سیاسی و دارایی و مەعنەوی".

مالیكی لە وتارەكەیدا هەڕەشەی لە هەموو ئەوانەكرد، كە یارمەتی و پشتیوانی قاعیدە دەكەن لە پەنادانی ئەندامانیان و ئاسانكاریكردن بۆیان و گوتی "هەموو ئەوانەش دووچاری سزای یاسایی دەبنەوە، كە داڵدەی ئەندامانی قاعیدە دەدەن و ئاسانكارییان بۆ دەكەن".

سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە گوتی "لە شەڕ دژی تیرۆردا پاشگەزبوونەوە نییە، تا ئەو كاتەی سەركەوتن بەسەر تیرۆرستان بەدەست دەهێنین، لەو رێگایەش چەندین سەربازمان گیانیان لەدەستداوە".









رووداو
Top