یەختەكەی سەدام حوسێن دەكرێتە مۆزەخانە

 یەختەكەی سەدام حوسێن دەكرێتە مۆزەخانە
كۆمپانیای گشتی گواستنەوە ئاوییەكان رایدەگەیەنێت، كە بەنیازە یەختە سەرۆكاتییەكەی سەدام حوسێن بكاتە مۆزەخانەیەكی مێژوویی و ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕاش خۆشحاڵە بەم بیرۆكەیە. ئەوان جەختیانكردووەتەوە، كە دەبێت سەرۆك كۆمار واز لە خاوەندارییەتی ئەم یەختەیە بهێنێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی لەسەر ئەنجامبدەن.

بەڕێوەبەری بەشی گواستنەوە ئاوییەكانی عێراق راگەیاندووە، كە یەختەكە ناوی " نەسیم ئەلبەسەرە"یە، كە واتای شەماڵی بەسرە دەگەیەنێت و لە ساڵی 2010 گەیشتوەتەوە دەستی عێراق، لەوكاتەوەش شوێنەكەی لە شەتولعەرەب جێنەهێشتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، گۆڕینی ئەم یەختەیە بۆ مۆزەخانە تێچوونێكی كەمی دەوێت و یەختەكە چەند شتێكی سەرەتایی وەك نەخشەی كۆن و وێنە و زانیاری لەسەر كەسایەتییە مێژووییەكانی بەسرای تێدان.

یەختەكە لە ساڵی 1981 لەلایەن كۆمپانیایەكی كەنەدی بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار تایبەت بۆ سەركردەی رژێمی پێشووی عێراق دروستكرابوو، بەڵام سەدام حوسێن بەكاری نەهێنابوو و تەنانەت نەشی بینیبوو، بەڵكو بەدیاری پێشكەشی خێزانی فەرمانڕەوای سعودییەی كردبوو، كە ئەوانیش بە دیارى پێشكەشی خێزانی فەرمانڕەوای كوەیتیان كردبووەوە، دواتریش كۆمپانیایەكی مەغریبی كڕیبوویەوە و بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لە نێوان فەڕەنسا و مەغریب بەكاری هێنابوو. پاشانیش حكومەتی عێراق بە سەختی توانی لە ساڵی 2010 بەدەستی بهێنێتەوە.

یەختەكە لە سەرەتا ناوی قادسیەی سەدام بووە، دواتر بووەتە شەماڵی زەریا، بەڵام لە ساڵی 2010 ناوەكەی جارێكی دیكە گۆڕاو بوو بە شەماڵی بەسڕا.

لە یەختەكەدا 13 ژوور هەیە، كە بە كەلوپەلی گرانبەها رازاندراونەتەوە، هەروەها نهۆمێكی سەرۆكایەتی و سێ هۆڵی گەورەی تێدایە لەگەڵ شوێنی نوێژكردن و تەنانەت شوێنێكی تایبەتیشی تێدایە بۆ ئەوەی هەلیكۆپتەر لێی بنیشێتەوە.

یەختەكە درێژیيەكەی 82 مەترە و 13 مەتر پانیەكەیەتی، خێراییەكەشی دەگاتە نزیكەی 33 كیلۆمەتر لە كاژێرێكدا.

هۆكاری بەكارنەهێنای ئەم یەختەش لەلایەن سەدامەوە بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە، كە ئەو یەختەیەكی دیكەی پێشكەوتووتر و گەورەتری هەبووە.









رووداو
Top