دواکەوتنی بودجەی عیراق خرایە ئەستۆی هەرێمی کوردستان

دواکەوتنی بودجەی عیراق خرایە ئەستۆی هەرێمی کوردستان
سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆکاری دواكه‌وتنی ناردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دەخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی نوری مالکی، سەرۆک وەزیری عێراق له‌ لێدوانێكی چاپكراودا رایگەیاند كه‌ نوری مالیکی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیرۆاق بە پەرلەمانتارانی کوردی وتووه‌: "دواكه‌وتنی بودجەی ٢٠١٤، پەیوەندیی بە کێشەی داهات و هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."

نووسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگەیاندووە كه‌ دوای تێپەڕینی سێ هەفتە لە دیداری نوری مالکی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حكومه‌تی ھەرێمی کوردستان، ھەندێك پرس و کیشەی نەوت ھەن کە تائیَستا ھەرێمی کوردستان هیچ وه‌ڵامێكی له‌سه‌ریان نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند، هه‌ر ئەو پرسانەشه‌ كه‌ بوونه‌ته‌هۆی دواخستنی بودجەی ٢٠١٤ی عێراق.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 12ی كانوونی دووه‌می 2014، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا كۆبووه‌وه‌.

له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌ كوردییه‌كانی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كرد.

هاوكات نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ فراكسیۆنی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: له‌ هیچ سیستمێكی‌ فیدراڵی‌ جیهاندا له‌رێگای‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ بوجه‌وه‌ كێشه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو ئه‌و كێشانه‌ له‌ رێگای‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌وه‌ یه‌كلاده‌كرێنه‌وه‌.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب وتی‌: "بودجه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ و نابێت خه‌ڵك باجی‌ ناكۆكییه‌كی‌ نێوان حكومه‌تی‌ فیدراڵ و هه‌رێم بدات".

وتیشی‌: "بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عیراق جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستووره‌، كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ری‌ بكات، هاوكات ناكۆكی‌ نێوان پێكهاته‌كان فراوانترده‌كات، كه‌ ئه‌مڕۆ عێراق پێویستی‌ به‌و هه‌نگاوه‌ نییه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌گه‌رچی‌ لایه‌نی‌ شیعه‌ له‌ عیراق وه‌ك پێكهاته‌ی‌ حوكمڕان ده‌توانن به‌بێ كورد و سوننه‌ بودجه‌ی‌ 2014 په‌سه‌ند بكه‌ن، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ به‌بێ‌ كورد و سووننه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ حكومه‌تی‌ عیراق، حكومه‌تی‌ ته‌نها یه‌ك پێكهاته‌یه‌ نه‌ك سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان.









خه‌ندان
Top