هۆزەكانی سوونەلە ئەنبار بۆ دوو بەرە دابەش بوون
لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالیكی، هێزێكی سەربازی بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی ئەنبار كە زۆربەیان سەر بە عەرەبی سوننە بوون، رەوانەی ئەو شارە كرد، ئەمەش قەیرانێكی نوێی لەو وڵاتە دروست كرد. ئەو ناوچەیە بووە گۆڕەپانی شەڕی توند لە نێوان یەكەكانی سوپای عێراق و هۆزە سوننەكانی ئەو ناوچەیە و ئەندامانی رێكخراوی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام كە بە داعش ناودەبرێ.
هەڵوێستی مالیكی، كاردانەوەی خەڵكی ئەو ناوچەیەی لێكەوتەوە.مالیكی ئەو فشارە، بە شەڕكردن لە دژی تیرۆر و قاعیدە ناودەبات لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ هۆزەكان رێك كەوتووە، بەڕێككەوتن لەگەڵ هۆزی دلێمی و چەند هۆزێكی تر نەخشەی چۆنیەتی لەناوبردنی داعشی داناوە.
هۆزەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر عێراق هەیە،هەندێ پێكهاتەی هۆزی بەتایبەتی لەناوچە سوننە عەرەب نشینەكان لەناوچەی ئەنبار، بەتایبەتی عەرەبی سوننە، پەیوەستن بە پێكهاتەی هۆزی و ئەو پێكهاتەیە حیسابی بۆ دەكرێ. بەڵام شیعەكانی باشووری عێراق زیاتر بەلای سەركردە ئایینیەكاندا دەشكێنەوە. لەلای خۆیەوە مالیكی خەریكی رێكەوتنە لەگەڵ هۆزەكان لە ناوچە سوننیەكان.
ئێستا هۆزەكانی ئەنبار بۆ بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە. بەشێكیان لەبەرەی سوپای عێراق دەگیرسێنەوە، بەشەكەی تر لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان لەدژی هێزەكانی حكوومەت شەڕ دەكەن.
