ساڵح موتڵەك: ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شارەكان هەڵەیە
ساڵح موتڵەك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گوتی: ناكرێت لە پێناو شەڕی دژە تیرۆر سوپا رهوانەی نێو شارەكان بكرێت یا دەست بە سازدانی ئۆپەراسیۆن لە نێو شارەكاندا بكات، چونكە ناوی سوپا بە خراپ دەردەچێت.
موتڵەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق لە ئەنبار و فەلوجە پێگەیەكی جەماوەری بەهێزی نییە، بۆیە ناكرێت بۆ راوەدونانی 10 ئەندامی داعش سوپا یا بە هەزاران سەربازی سوپا روانەی ئەو شارە بكرێن.
موتڵەك لە بەردەوامی قسەكانیدا داوای جێبەجێ كردنی داواكاری خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی ئەو پەیمانەدا كرد، كە كۆمیتەی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە گەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران ئیمزای كردبوو.
لە بارەی بانگەشەكانی سەرۆكی لیستەی عێراقییە ئەیاد عەلاوی بۆ كێشانەوەی ئەندامانی لیستەكەی لە حكوومەت، موتڵەك گوتی: ئەو بانگەوازیانە بێ سوودن، چونكە سەرەڕای بایكۆت كردن پەرلەمان بەردەوام درێژە بە دانیشتنەكانی خۆی دەدات.
