ئه‌یاد عه‌لاوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات ده‌وڵه‌تی‌ قانوون وه‌ڵامی‌ ده‌داته‌وه‌

ئه‌یاد عه‌لاوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات ده‌وڵه‌تی‌ قانوون وه‌ڵامی‌ ده‌داته‌وه‌
سه‌رۆكی‌ لیستی‌ عیراقییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكومه‌تی‌ عیراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ وا بڕوات، كاری‌ وه‌زیره‌كانی‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌ حكومه‌تدا هه‌ڵده‌په‌سێرێت، په‌رله‌مانتارێكی‌ ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانوونیش وه‌ڵامی‌ ده‌داته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ عیراقیه‌ له‌باره‌ی‌ گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار رایگه‌یاند: ناكرێت ناسنامه‌ ببێته‌هۆكارێك بۆ دابه‌شكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ و پێویستی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ده‌ستبه‌رداری‌ مامه‌ڵه‌ی‌ تایه‌فیانه‌ بێت.
عه‌لاوی‌ داواشی‌ له‌ حكومه‌تی‌ عیراق كرد شه‌ڕ له‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار رابگرێت و وتووێژ له‌گه‌ڵ‌ خۆپیشانده‌راندا بكات.

هاوكات عه‌لاوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ كاری‌ وه‌زیره‌كانی‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی‌ عیراقدا كرد، گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ فوئاد ئه‌لدوركی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانوون وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ ناوبراو بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ رابردوو.

فوئاد ئه‌لدوركی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانوون تایبه‌ت به‌ خه‌ندانی‌ وت: \"ئه‌ید عه‌لاوی‌ له‌ گۆڕه‌پان سیاسی‌ عیراق چووه‌ته‌ده‌ره‌وه‌ و بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ رابردوو، ئه‌م وته‌یه‌ی‌ به‌سه‌ردا جێبه‌جێ‌ ده‌بێت (ئاماده‌بێت حسابی‌ بۆ ناكرێت و ئاماده‌ش نه‌بێت هیچ شتێك له‌ بارودۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت)\"".

ئه‌لدوركی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی‌ عیراقی‌ به‌ ئه‌یاد عه‌لاویشه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ (داعش)، یان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و رێكخراوه‌دا بن و عیراقییه‌كان بكوژن، یان له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ عیراقدا بن كه‌ دژی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌جه‌نگێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانوون وتی: \""وه‌زیره‌كانی‌ لیستی‌ عیراقیه‌ به‌پیر داواكه‌ی‌ عه‌لاوییه‌وه‌ ناچن، گه‌ر بیانویستایه‌ بكشێنه‌وه‌ به‌بێ‌ داواكه‌ی‌ عه‌لاوی‌ ده‌كشانه‌وه‌\"".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ \""گۆڕه‌پانه‌كانی‌ مانگرتنی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار بوون به‌ گۆڕه‌پانی‌ فیتنه‌ و مۆڵگه‌ی‌ تیرۆر و تیرۆریستان، نه‌ك خۆپیشانده‌ران\"".







خه‌ندان "
Top