وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی

 وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی
ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا ، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ، بودجەی 2014 و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا .

بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو شاندەی حكومەت بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت ، د.عەلی سندی وەزیری پلاندانان ،سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەت و چەند بەڕێوەبەرێك لە وەزارەتی دارایی .

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانەی رووداو ، كارنامەی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بڕیارە كاژێر 2ی پاش نیوەڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لە بەغدا بەڕێوەبچێت ، پێكدێت لە گفتوگۆكردن لەسەر باری ئەمنیی كەركووك و كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەپێی دەستووری عێراق ، هەروەها رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت وغازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، لە رێگەی هێڵی نەوتیی هەرێمی كوردستان – توركیاوە ، كە 50%ی بە نرخێكی هەرزانتر بۆ توركیا دەبێت و 50%یشی بۆ بازاڕەكانی جیهان دەبێت .

هەروەها بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، لەو سەردانەدا باسی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا دەكرێت ، كە بەپێی هەندێ لێكۆلینەوەی بێلایەنانە لەسەر بودجە، بەشی دانراو بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا 10.5%ی بودجەی عێراقە نەك 17%، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند بەڕێوەبەرێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە لە شاندەكەی هەرێمی كوردستاندان ئەوە رووندەكەنەوەو گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

هەروەهاش باس لە بەشی هەرێمی كوردستان دەكرێت لە بودجەی بەرگریی عێراقدا ، كە بەپێی یاسای بودجەكانی رابردووی عێراق و دەستووری عێراقیش دەبووایە بەغدا بەشی پێشمەرگەی بدابووایە بۆ مووچە و جلوبەرگ و پێداویستییەكان و چەك بۆ پێشمەرگە ، بەڵام ئەوەش جێبەجێنەكراوە لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدامەوە.

بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەمریكا پێشوازی و پشتیوانی لەو سەردانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ بەغدا ، لەوبارەشەوە یاریدەدەرێكی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ، شەوی رابردوو بە تەلەفۆن پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە كردووە.

بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لەوسەردانەدا ، لەگەڵ حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە كۆببێتەوە . كە ئێستا بەغدا هەڵوێستێكی نەرمتر لە پێشووی هەیە ، بەرامبەر سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان . هەروەها عەبدولكەریم لعێبی رایگەیاند كە ئەوان هیواخوازن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن لەبارەی كێشەكانی نەوتەوە.

نەوتی هەرێمی كوردستان رۆژی 13ی ئەو مانگە لەو هێڵەوە بەرەو توركیا بەردرایەوە و، ئاشتی هەورامی بە (رووداو)ی راگەیاند كە پرۆسەكە زۆر سەركەوتووانە بەڕێوەدەچێت .

هەر لەوبارەوە د.عەلی دەباغ ، وتەبێژی پێشووی حكومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە حكومەتی بەغدا ناچارە رازیبێت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ، چونكە هەرێمی كوردستان توانی ئەنقەرە رازیبكات ، بەبێ گوێدانە رێگرییەكانی بەغدا ئەو رێككەوتنە راستەوخۆ لەگەڵ هەولێر واژۆبكات .

هەروەها بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا بڕیارە سەردانی عەممار حەكیم ، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقیش بكات و، ماتەمینی خۆیشی بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنیشەوە رابگەیێنێت .









رووداو
Top