پەرلەمانی عێراق رەوشی تورکمانەکان تاوتوێ دەکات
حاکم شێخ لەتیف، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی (رووداو)ی راگەیاند، \"دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە دوو بڕگە پێکدێت: یەکەمیان تاوتوێکردنی رەوشی تورکمان و بە ئامانج گرتنیانە لە عێراق بە گشتی و لە دووزخورماتوو بە تایبەتی، کە تێیدا نوێنەرانی تورکمان لەوبارەیەوە راپۆرتێک پێشکەش دەکەن و دواتر گفتوگۆ لە بارەی رەوشی تورکمان دەکرێ\"".
حاکم شێخ لەتیف، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی عیراق ئاماژە بەوەدەکات، خاڵی دووەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای مافی تورکمان، کە پڕۆژە یاساکە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە.
ناوبراو رەخنەی لە پڕۆژە یاساکە گرت و گوتی، دەبێ مافی تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستوور و بە یاسا جێگیربکرێت، نەک هەر پێکهاتەیەک پڕۆژە یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربچێت، چونکە شتێک نییە بە ناوی پڕۆژە یاسای مافی کورد، یاخود پڕۆژە یاسای مافی عەرەب.
لەبارەی بە ئامانج گرتنی تورکمانەکانەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ، ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە، کە تورکمان وەک پێکهاتەکانی دیکە دەکەنە ئامانج، ناوبراو نموونەی بەوەهێناوە، کە لە کوردستاندا تورکمان هەیە، هیچ کاتێک نەکراونەتە ئامانج و مافیان پارێزراوە.
رووداو
"
