ئەشواق جاف: ناوی پێشمەرگە و شەهیدانی نان نییە لەیاسای شەهیدانی عێراقدا
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی کوردستانی، ئەشواق جاف، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند : رۆژی 17ی کانوونی یەکەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای سێ جار دواکەوتن، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان کرد، کەناوی پێشمەرگەی تێدا نییە و ئەو کەسانەشی بەهۆی گەمارۆیی ئابووری بەعسەوە گیانیان لەدەستدا بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان.
ئەوەشی گوت، لەپێناسەی شەهیددا زۆر لایەنی دیکەی تێدا هەژمار کراوە کە شەهیدن بەنموونە ئەو عێراقیانەی لەزینداندا مردوون یا لەئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دابێ، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، یا بەچەکی کیمیایی، یا ئەوانەی دژی بەعس جەنگاون و گیانیان لەدەستداوە.
ئەو ئەندامە کوردەی لێژنەی مافی مرۆڤ گوتی، لەو پرۆژە یاسایەدا ناوی پێشمەرگەی تێدا نەبوو، شەهیدی نانی تێدا نەبوو، بەتایبەت ئەوانەی لەناوچەی کفری کاتێک رژێمی بەعس گەمارۆی ئابووری خستە سەر هەرێمی کوردستان، خواردنی بۆ نەدەنارد و سووتەمەنیشی لێ بڕین، خەڵکی بۆ پەیدا کردنی خۆراک و سووتەمەنی پەنای بۆ سنوورەکان برد، بەشێوەی دەبە سووتەمەنیان دەهێنا و هاوڵاتی هەبووە لەو رێیەدا کوژراوە یا لەبازگەکان حکوومەتی بەعس کوشتوونی.
زیاتر گوتی، ئەوانەی بەهۆی گەمارۆیی ئابووری بەعسەوە شەهید بوون، پێیان دەڵێم \"شەهیدانی نان\"" تائێستا هیچ حسابێکی شەهیدیان بۆ نەکراوە و هیچ مووشەیەکی شەهیدانەشیان نییە، لەکاتێکدا ئەوانە بەدەستی سەربازانی بەعس کوژراون، خانەوادەکانیان تائێستانازانن چی بکەن، بۆیە پێشنیارم کردووە شەهیدانی نان پێناسەی شەهیدان بیانگرێتەوە.
رەخنەی زیاتری گرت و گوتی، لەماددەی چواری یاساکەدا هاتووە کە \""ئەم یاسایە سەرجەم ئەو شەهیدانە دەگرێتەوە لەنێوان 17/7/1968 تا 8/4/2003 دەیانگرێتەوە\"" پێشنیارم کردووە کە ئەمە لابرێ چونکە پێشێلکارییە بەرامبەر بەمافی ئەو شەهیدانەی 1961 شەهید بوون، ئەو شەهیدانەشی لەساتەکانی کۆتایی رژێمی بەعس گیانیان لەدەستدا، بەتایبەت لەشاری کەرکوک پێش رووخانی بەعس ژمارەیەک گەنجیان شەهید کرد.
پتر گوتی، لەبارەی وەستانی خانەنشینی بۆ منداڵ یا کەسی پلە یەکی شەهید کاتێک تەمەنی ئەو کەسە گەیشتە 18 ساڵی ئەگەر کوڕ بوون، پێشنیارم کردووە کەئەو بڕگەیە لاببرێ، چونکە پێشێلکارییە بەو هۆیەی ئەگەری زۆرە لەدوای تەمەنی 18 ساڵی ئەو کەسە قوتابی بێ بۆیە ناکرێ مووچەی خانەنشینی شەهیدانەی لێببری تا دادەمەزرێ یا کارێکی بۆ دەدۆزنەوە.
رونیشیکردەوە، یاساکە باس لەوە دەکات ئەگەر خێزانێک دوو شەهیدی هەیە ئەوا یەکێکیان لەسەدا سەد مافی شەهیدانە وەردەگرێ و ئەوی دیکەشیان نیوەی شەهیدێک ماف وەردەگرێ ئەوە پێشێلکارییە و داوامکردووە کەهەردووکیان وەک یەک مافیان پێبدرێ چونکە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە لەسەر دەستی رژێمی بەعس.
پرۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان لەلایەن لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانە سیاسیەکانەوە ئامادە کراوە، هەموو پێشنیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لێکۆلینەوەی لەبارەوە دەکرێ و هەوڵ هەیە بەزووترین کات پەسەند بکرێ لەلایەن پەرلەمانەوە."
