موقتەدا سەدر، لەگەڵ ئەوەدا نییە مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق

موقتەدا سەدر، لەگەڵ ئەوەدا نییە مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق
ئاژانسەكانی هەواڵ لە زمان راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی موسەوی ئاشكرایان كرد كە كۆتایی ئەم هەفتەیە نوری مالیكی بە سەردانێكی رەسمی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و گوتیشی كە سەرۆك وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵات و مەسەلەكانی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.


ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران دوای سەردانەكەی مانگی رابردووی نوری مالیكی بۆ ئەمریكا دێت كە بە ساردی پێشوازی لێكراو بێ هیچ دەستكەوتێك گەڕایەوە بەغدا. بەرپرسانی ئەمریكی و بە تایبەت سەرۆكی ئەو وڵاتە لە بارودۆخی یەكساڵی رابردووی عێراق بەتەواوی ناڕازی بوون. چون رێژەی كوشتار و ئیعدام و تەقینەوە لە عێراق بەرز بووەتەوە، كێشە سیاسیەكانی ناو عێراق قووڵتر بوونەتەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراق بواری داوە بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی تا كێشەكانی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناو عێراق و خاك و ئاسمانی ئەو وڵاتەش بەكار بهێنێت بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەتی بەشار ئەسەدی دیكتاتۆر.

ئێستا دوای نائومێدبوونی لە بەدەستهێنانی متمانەی حكومەتی ئەمریكا بۆ ئەوەی جارێكیتر ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوری مالیكی بای دایەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی ئێرانی تا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، نەخشە رێگایەك دیاری بكەن بۆ شەش مانگی داهاتوو.

ئەوەی راستی بێت، نە یاسای عێراقی رێگا بە خۆ كاندیدكردنەوە نوری مالیكی دەدات بۆ بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران و نە شەقامی عێراقی ئەوە قبووڵ دەكات و نە هیچ لایەنێكی نیشتمانی و دیموكرات ئەمكارە قبووڵ دەكات. تەنانەت هاوپەیمانە پێشووەكەی نوری مالیكی، موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر دوو روژ بەر لە ئێستا رایگەیاند كە رەوتەكەی لەگەڵ ئەوەدا نییە جارێكیتر مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
Top