وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا تاوتوێی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ یەكشەممە هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووەتەوەو پرسی سەرچاوەكانی وزەش تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەیان بووە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ تانەر یەڵدز، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا سەردانی بەغدا بكات و پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان تاوتوێ بكات.
بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لەمیانی سەردانەكەی داودئۆغۆڵو بۆ عێراق لە مانگی رابردوو جەختكراوەتەوە كە لە سەردانەكەی ئەمڕۆی تانەر یەڵدزدا پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە.
هەرێمی كوردستان \"زۆرتر لە گرێبەستێك\""ی لەگەڵ كۆمپانیای دەوڵەتیی وزەی توركیا واژوو كردووە. سەرچاوەیەك لە حكومەتی توركیا بە (رووداو)ی راگەیاند، كە لەئەنجامی كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا و شاندی یاوەریان، 5 گرێبەست واژوو كراون و رێككەوتنێكی دیكەش بەجیا كراوە.
بەغدا نیگەرانە لەو گرێبەستانەو فەیسەڵ عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە تایبەت بە(رووداو)ی راگەیاند: \""هەر رێككەوتنێك لەبارەی نەوتەوە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق بكرێ رێكەوتنێكی نایاساییەو بەپێچەوانەی دەستوورەو حكومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە.
رووداو "
