سبەینێ وەزیری وزەی تورکیا دەگاتە بەغدا و تاوتوێ پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکەن

 سبەینێ وەزیری وزەی تورکیا دەگاتە بەغدا و تاوتوێ پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکەن
نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە ئاشکرایکرد سبەی وەزیری وزەی تورکیا دەگاتە بەغدا. ئیمزاکردنی گرێبەستی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لەگەشەپێدانی کەرتی نەوت و غازی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی وەزیری وزەی تورکیا و بەرپرسانی عێراقی دەبێ.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حوسێن شەھرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە فەیسەڵ عەبدوڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: سبەینی وەزیری وزەی تورکیا تانەر یڵدز دێتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانیش کۆ دەبێتەوە.
فەیسەڵ لەدرێژەی قسەکانیشدا ئەو تەوەرانەی باسکرد کە لە کۆبوونەوەکانی یڵدز لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا باس دەکرێ و گوتی: گرێبەستی نەوتی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێ، چونکە عێراق ھێشتا لەسەر ئەو گرێبەستە رازی نییە. ھەروەھا جگە لەوە باس لەبەشداریکردنی تورکیا لەگەشەپێدانی کەرتی نەوت و غازی ھەرێمیش دەکرێ.
پێشتریش وەک ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی حكوومەتی تورکیا بڵاوکردەوە: کە نێچیرڤان بارازنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکی بۆ تورکیا 6گرێبەستی لە گەڵ ئەو وڵاتە ئیمزاکردووە ، کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای تورکیاوە بۆ بازارەکانی جیهان.
Top