ژمارەی كوژراوانی كردەوە تیرۆریستییەكانی دوێنێی عێراق گەیشتە 51 كەس

 ژمارەی كوژراوانی كردەوە تیرۆریستییەكانی دوێنێی عێراق گەیشتە 51 كەس
بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنی و پزیشكیەكان لە ژمارەیەك هێرش و پەلاماری تیرۆریستی لە عێراق رۆژی هەینی 51 كەس كوژراون.

بە گوێرەی سەرچاوەكان زۆربەی هێرشەكان لە شارەكانی بەغدا و دیالە و مووسڵ و سەلاحەددین و كەركووك روویانداوە. هاوكات سەرچاوەكان ئەوەشیان خستۆتە روو كە هێرشەكان لە رێگەی جۆراو جۆرەوە ئەنجام دراون، نمونەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو و بۆمب و تەقینەوەی خۆكوژی. لەو تەقینەوانەدا، ناوچە قەرەبالغەكان كراونەتە ئامانج وەك بازاڕە میلیەكان و پرسە و هەروەها لە كاتی ناشتنی تەرمی قوربانیان.

لە لایەكی دیكەی جگە لە هێرش و پەلامارەكان، كێشەی رفاندنیش سەری هەڵداوەتەوە لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە.

هێزەكانی ئەمنی لەعێراق رایانگەیاندووە لەهەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا بەدوای گروپە چەكدارەكاندا تەرمی 18 كەسیان دۆزیوتەوە كە پێتشتر لەماڵەكانیان رفێنرابون و بێسەرو شوێن بون.

بەرپرسێكی ئەمنی بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە سەرجەم تەرمەكان لەكێڵگەیەكی باكوری شاری بەغدا دۆزراونەتەوە كە زۆربەی دانیشتوانەكەی سوننە مەزهەبن و، رایگەیاند بەهۆی ئەنجامدانی چالاكی بەردەوامیان لەو ناوچەیەدا رێكخراوی قاعیدە بەرپرسیارە لەو كردەوەیەدا
Top