پەرلەمانتارێکی کورد: حکوومەتی ناوەند بەپێی یاسای نەوت وغازی سەردەمی رژێمی بەعس کاردەکات
د.حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بە kdp.infoراگەیاند: مادەی110لە دەستوری عێراق کە لە٩خاڵ پێکھاتووە و دەسەڵاتێکی دیاریکراوی داوەتەوە حکوومەتی فیدرالی و کەس ناتوانی دەستکاری بکات، بەڵام لە مادەی114ی دەستور دەسەڵاتی ھاوبەشی داوەتە حکوومەتی ناوەندو حکوومەتە ناوخۆییەکان و لە مادەی112باسی لە نەوت کردووە کە چۆن نەوت دەردەھێنرێت لەلایەن حکوومەت و ھەرێم و پارێزگاکان و لە مادەی 115ش باس لە پارێزگاکان و ھەرێمەکان دەکات چۆن نەوت دەربھێنن ، بۆیە بەپێی دەستور بەھیچ شێوەیەک مافی حکوومەت نییە دەستوەردان لەکاروباری ھەرێم و پارێزگاکان بکات ، تایبەت لە ھەرێمی کوردستان، چونکە لەوکاتەی دەستور دانراوە ھیچ بیرێکی نەوت لەکوردستان نەبووە و خۆیان ئەو بیرە نەوتانەیان لێداوە.
د.حەمید باڤی گوتیشی: حوسێن شەھرستان تاوەکو ئێستا بەپێی یاسای رژێمی بەعس کاردەکات لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا ھیچ یاسایەکی نەوت وغاز لە عێراق نییە و بەپێی دەستور کارناکات، بۆیە مافی نییە ئەو جۆرە رەخنانە لە ھەرێمی کوردستان بگرێت، چونکە دەستور رێگەی پێنادات.
باڤی رونیشیکردەوە، حکوومەتی ناوەند خۆی رێگرە لەدانانی یاسایەکی نوێ بۆ نەوت و غاز، لەبەر ئەوەی نایانەوەێ بەپێی دەستور بێت و بەدەستوری ئێستاش رازی نین، بەڵام ناتوانن دژایەتی دەستور بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، مافی ھەرێمی کوردستانە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتی خۆی دەکات ، لەبەرئەوەی خۆیان ئەو نەوتەیان دەرھێناوە و بەھیچ شێوەیەک مافیان نییە رێگریان لێ بکرێت و ھەرێم دەتوانێ بیفرۆشیت و نوسینگە لەھەر وڵاتێکی پەیوەندیان لەگەڵی ھەیە دانێن بۆ کاروباری ئابوری ، ئەمەش نەک تەنھا مافی ھەرێمە ، بەڵکو مافی پارێزگاکانی دیکەشە ، بەڵام عەقلیەتی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ھەمان عەقلیەتی رژێمی بەعسە.
