فەرمانی گرتن بۆ پارێزگاری دیالە و دوو بەرپرسی گەورە دەرچووە
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە سەر لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان، وشیار ئیسماعیل، بە ئاژانسی هەواڵێ پەیامنێری راگەیاند: ئەمرۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نووسراوێكیان پێ گەیشت كەبە پێی نووسراوەكە لە لایەن داواكاری گشتی دیالەوە سكاڵا لەسەر پارێزگاری دیالە \"د. عومەر ئەلحومێری\"" و قایمقام و سەرۆكی شارەوانی باقووبە تۆماركراوە و لە لایەن دادگای دیالەشەوە فەرمانی دەستگیركرنیان بۆ دەرچووە.
وشیار ئیسماعیل، گوتی: هۆكاری فەرمانی گرتنیان بەهۆی ئەوەیە كە پێشتر بۆ چەند پرۆژەیەك شەش ملیار دینار خەرج كراوە و دواتر ئەو شەش ملیارە كراوەتە 12 ملیار، هەربۆیە لە لایەن لیژنەی نەزاهەوە زیادكردنی شەش ملیارەكەی دیكە ئاشكرا كراوە و ئێستا ئەو سێ لایەنە بەرپرسیارن لە دیارنەمان و چۆنێتی زیادكردنی ئەو شەش ملیارە.
ئەوەشی خستەڕوو، كە پارێزگاری دیالە، رایگەیاندووە ئەو تۆمەتە مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە و كەسانی دیكە دەستیان لە دیارنەمانی ئەو شەش ملیارە هەیە، لە لایەكی دیكەوە هەر سەبارەت بەو رووداوە ئەمرۆ قایمقام و سەرۆكی شارەوانی باقووبە كێشەو دەمەقاڵە كەوتۆتە نێوانیانەوە.
وشیار ئیسماعیل ئاماژەشیدا، لەبەر ئەوەی ئێستا لە پارێزگای دیالە زۆربەی پۆستە گرنگەكان لە دەستی لیستی عێراقییەدایە، لەوانەش پۆستی پارێزگار و هەروەها پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا كە لە دەستی سەدرییەكانە و هاوپەیمانیان لە گەڵ لیستی عێراقییە لە دیالە كردووە، بۆیە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بە توندی دژایەتی دەكەن و رۆژ لە دوای رۆژییش لە گەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكۆكییەكانی نێوان شیعەو سوننە لە ناوچەكە زیاتر دەبێت.
هەروەها گوتی: وەكو لایەنی كوردی هیچ پەیوەندییەكەیان بەو كێشانەوە نییە."
