خۆپیشاندەرانی سامەرا حكومەت بە داخستنی مزگەوتەكان تۆمەتبار دەكەن
وتاربێژی گۆڕەپانی خۆپیشاندانی سامەرای باكووری عێراق بەرپرسیارێتی داخستنی مزگەوتەكانی دیالە بە پاساوی تیرۆری خستەسەر حكومەتی عێراق.
رۆژی هەینی لە سامەرا وەك دەڤەرە سونییەكانی دیكەی عێراق خۆپێشاندانی بەرفراوانی ناڕەزایی بەناوی سەرەڕۆیی دەستەڵات و سوتەمەنی شۆڕش لە دژی سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی بەرێوەچوو.
لەو بارەوە گوتاربێژی گۆڕەپانی خۆپیشاندان شێخ فازل سامەرای بەرپرسیارێتی داخستنی مزگەوتەكانی لە پارێزگەی دیالە و ناوەڕاست و باكووری عێراق بە پاساوی تیرۆر خستە سەر حكومەتی عێراق و داوای لە حكومەت كرد ئارامی لە دیالە جێگیر بكات و داوای لە خۆپێشاندەرانیش كرد لەگەڵ سەركردەكانیان یەكگرتوو و یەكڕیز بن.
لای خۆیەوە وتەبێژی شەش پارێزگە خۆپێشاندەرەكەی عێراق شێخ محەمەد تەها حەمدون رایگەیاند تاوەكو ئێستا بەو شێوەیە مزگەوتەكان لە دەڤەرەكانمان دانەخراون تەنیا لە كاتی داگیركاریشدا، ئەو كارە نەكراوە و خۆپێشاندانەكانیش روبەرووی هێرشی ترسناك دەبنەوە . لەبەرامبەریشدا عومەر ئەلحەمیری پارێزگاری دیالە ئەو بڕیارەی دیوای وەقفی سونەی ئیدانەكرد و داوایكرد پێداچوونەوە بەو بڕیارەیاندا بكەنەوە. بەو پێیەی بە درێژایی مێژوو مزگەوتەكانی دیالە دانەخراون و هەمیشە كراوە بوونە.
