تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ كەم دەکرێتەوە
لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی (سەباح)ی نزیك لە حكوومەتی عێراق، ماجیدە تمێمی ئەندامی لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە پەرلەماندا كۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە كە پڕۆژەیاسای خانەنشینی نوێ بخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا پەسەند بكرێت. بەگوتەی ئەو، لە یاسا نوێیەكەدا دادپەوەری هەیە و زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار خانەنشینكراو سوودی لێوەردەگرن و بەهۆیەوە بژێوییان باشتر دەبێت.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەپێی پڕۆژە یاساكە، تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ كەمدەكرێتەوە، ئەمەش هەلێكی باش بە گەنجان دەدات بۆ ئەوەی دابمەزرێن و ژمارەیەكی زۆر پلەی وەزیفی دەستەبەر دەكات، ئەمە جگە لەوەی كەمترین مووچە 400 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر مانگێك.
