حسێن شەهرستانی دەیەوێت دوور لە مالکی و بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکات
سەمیرە موسەوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی عێراق ئان راگەیاندووە: كوتلەی سەربەخۆكان كە حوسێن شەهرستانی سەرۆكایەتی دەكات و بەشێكە لەلیستی دەوڵەتی یاسا، لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
موسەوی ئاشكراشی كرد، گفتوگۆكردنیان لەسەر بەشداری كردن بەلیستی سەربەخۆ، لەسەر داوای ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی كوتلەكەیانە، ئەمە جگە لەوەی كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئیتلافی دەوڵەتی یاسا لەهەڵبژاردنی رابردوو، فشاری ناوخۆیی لەسەر پێكهاتەو لایەنەكانی ناو ئیتلافەكە دروست كردوە.
جێگای ئاماژە بۆ كردنە لەهەڵبژاردنەكانی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كەبەبێ پارێزگاكانی هەریێم ئەنجامدرا، ئیتلافی دەوڵەتی یاسا 30 كورسی پارێزگاكانی لەدەستدا و كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. راپۆرتە شیکاریەکانی ئەو ماڵپەرە ئەوە داخاتەروو کە لەكاتی ئێستادا كوتلەكەی شەهرستانی بەهێزترین هاوپەیمانی لیستەكەی نوری مالیكیەو لەكاتی پاشەكشەكردنی شەهرستانی دا ، زیانێكی گەورە بەریزەكانی ئیتلافەكە و تەنانەت یەكڕیزی شیعەكانیش لە عێراق دەگەیەنێت.
