زیاتر لە 70 رۆژە ئەندامانی موجاهیدینی خەڵق مانیان گرتووە
سایتی (ئیلاف) لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵق بڵاویكردووەتەوە:\"ماوەی 73 رۆژە ئەو ئەندامانەی موجاهیدینی خەڵق لە (كەمپی لێبرتی) لە عێراق و شارەكانی جنێڤ لە سویسرا و لەندەن و بەرلین و ئۆتاوا لە كەنەداو ملبۆرن لە ئوسترالیا مانیان لەخواردن گرتووە، وەك هەڵوێستێك بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەدژی ئەو كۆمەڵكوژییەی هێزەكانی عێراق لە یەكی مانگی ئەیلوولی رابردوو لەدژی ئەندامانی رێكخراوەكە لە (كەمپی ئەشرەف)ئەنجامیان دا\"".
زیاتر دەڵێ \""ئەو مانگرتنە هاوكات داواكارییەكە بۆ ئازادكردنی حەوت دەستگیركراوی موجاهیدینی خەڵق، كە لە كوشتارگەكەی ئەشرەف دەستگیركراون\"".
سەرچاوەكەی موجاهیدینی خەڵق هاوكات ئاماژە بەوە دەكات \""تاوەكو ئێستا بە سەدان مانگرتوو لەكۆی ئەو ئەندامانەی رێكخراوەكە كە لە (كەمپی لیبێرتی)مانیان گرتووە بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییان رەوانەی نەخۆشخانە كراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مانگرتووان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان\"".
رێكخراوەكە هاوكات ئاماژەی بەوەشدا كە شەش كەس لەو حەوت ئەندامەی موجاهیدینی خەڵق كە لەلای هێزەكانی عێراق دەستبەسەرن ئافرەتن\"".
موجاهیدینی خەڵق پێشتر رایگەیاند لەو هێرشەی كە لە 1ی ئەیلوولی رابردوو لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە كرایە سەریان لە كەمپی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە 55 ئەندامیان كوژراون.
رێكخراوی موجاهیدینی خەلق لە ساڵی 1965 دامەزراوە بەمەبەستی رووخاندنی رژێمی شا لە ئێران و دواتر رووخاندنی رژێمی كۆماری ئیسلامیی لەو وڵاتە.
چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە لە ساڵانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران هاوپەیمانیی رژێمی بەعس بوون و بە رۆڵگێڕان لە سەركوتكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستان و شیعەكانی باشووری عێراق لە ساڵی 1991 تۆمەتبار دەكرێن.
رژێمی سەدام رێگای بە رێكخراوی موجاهیدینی خەڵق دا لە سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە نیشتەجێ بن، بۆ ئەوەی هاوكاریی بكەن لە جەنگی عێراق - ئێران لەساڵی 1980 ـ 1988.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خەلق لە عێراق لە نێوان 2500 تا 3000 كەسە، كە ئێستا لە كەمپی لیبێرتی بەغدا نیشتەجێكراون و چاوەڕێی ناردنیان بۆ وڵاتێكی دیكە دەكەن.
رووداو"
