ئوسامە نوجیفی دەلێت پرۆژە یاسای هەڵبژاردن مافی هەموو پارێزگاکانی داوە

 ئوسامە نوجیفی دەلێت پرۆژە یاسای هەڵبژاردن مافی هەموو پارێزگاکانی داوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد.
دوای ئەوەی چەند جارێك ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبكات، دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە دووبارە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە دەستیپێكردەوە، دوای ئەوەی جۆرێك لە تەوافوقیش لەنێوان لایەنەكان هاتە ئاراوە،
دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە دەستیپێكرد و دەنگ لەسەر 39 ماددەی پرۆژەیاساكە درا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پێشتر لایەنەكان لەسەر پرۆژەیاساكە بەگشتی و جیانەكردنەوەی هەڵبژاردنی كەركوك لە پارێزگاكانی تر رێككەوتبوون، بەڵام هەندێك لایەن لەو رێككەوتنە پاشگەزبوونەوە و بەو هۆیەوە نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت.
دواتر سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ نوێنەری لایەنەكان كۆبۆوە و دواجار گەیشتنە رێككەوتن بۆ پەسەندكرنی پرۆژە یاساكە و دواجار ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژە یاساكەی پەسەندكرد كە لە 41 ماددە پێكهاتووە.
دواتریش ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كرد و كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی 14ی ئەم مانگە دواخرا.
دوای كۆبوونەوەكەش سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد: هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی تانە لە یاسای هەڵبژاردن بدرێت، چونكە تانەدان لە یاساكە عیراق توشی كێشە دەكاتەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەبینای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەسترا، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئوسامە نوجێفی رایگەیاند: پاش رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان، ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی داهاتویان پەسەندكرد و، هەر لایەنێكیش تانە لە یاساكە بدات، ئەوا عیراق توشی كارەسات دەبێتەوە. نوجێفی ئاماژەی بەوەشكرد، یاساكە مافی هیچ پارێزگایەكی نەخواردووە و هەر هەمووی وەكو یەك مافی پێدراوە.
Top