نوری مالیكی و حوسێن شەهرستانی، زۆرترین پارەیان لەبەردەستە لە بودجەی عێراقدا

 نوری مالیكی و حوسێن شەهرستانی، زۆرترین پارەیان لەبەردەستە لە بودجەی عێراقدا
بڕیارە بەم نزیكانە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو كە دەگاتە 174 تریلیۆن و 650 ملیار دینار بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران كە هێشتا لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.
لە بودجەی 2014 ی عێراق، نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، زۆرترین پارەیان لەبەردەستە كە راستەوخۆ دەتوانن خەرجی بكەن. وەک رۆژنامەی مەدائن بڵاویکردۆتەوە : بەپێی پرۆژەیاسایی بودجەی 2014 ی عێراق، نووسینگەكەی مالیكی دەتوانێ 14 ملیار دۆلار خەرج بكات،هەروەك بۆ نووسینگەی حوسێن شەهرستانی‌و وەزارەتی نەوتی عێراق لەو بودجەیە 25 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە.
بەپێی ئەو خشتەیەی بودجە، بۆ پێشخستنی كەرتی نەوت لەعێراق 16 تریلیۆن دینار تەخان كراوە‌و یەك تریلیۆنیش بۆ پێشخستنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان دانراوە،ئەمە لەكاتێكدایە رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەدات،كە ساڵانە بەناوی پێشخستنی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بڕە پارەیەك دادەنێ، بەڵام تا ئێستا یەك دیناریشی بۆ ئەو كەرتە نەداوە.
هەروەك لە بودجەی 2014 ی عێراقدا 25 ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی كارەبا دانراوە كە ئەو وەزارەتە وەزیری نییە‌و لەلایەن مالیكی خۆیەوە سەرپەرشتی دەكرێ‌و،ئەگەچی تا ئێستا 47 ملیار دۆلار بۆ پرۆژەكانی كەرتی كارەبای عێراق خەرجكراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا عێراق ناتوانێ رۆژانە 10 كاژێر كارەبای نیشتیمانی بداتە هاووڵاتیانی.
Top