ترسی گەندەڵی و نادادپەروەری و بانگەشە، پەرلەمانتاران پرۆژە یاسای ژێرخانی ئابووری عێراقی شکست پێهێنا
ئەندامی هاوپەیمانیی کوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: دوای مانەوەی لەخولی پێشووی پەرلەمان، دوو ساڵ گفتوگۆ و دروستکردنی لیژنە لەم خولەی پەرلەماندا، لەکۆبوونەوەی ژمارە 29ی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شکستیان هێنا بەو دەنگدانەیان لەبارەی پرۆژە یاسای ژێرخانی ئابووری عێراق و دەتوانرێ لەوەرزی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بخرێتەوە خشتەی کارەکانی و ئەگەر هەرشکستی هێنا دەکەوێتەوە خولی داهاتوو.
ئەشواق جاف، گوتی: هەندێ لایەنی عێراقی پێیان وابوو ئەم پرۆژە یاسایە، دەستکەوتێک بێ بۆ بارستەی دەوڵەتی یاسا، هەندێکیش پێیان وایە کە ئەگەری هەیە پرۆژەکان بەدادپەوەری بەسەر پارێزگاکانی عێراقدا دابەش نەکرێن و ئەگەری زۆری هەیە بابەتێکی لەبار بێ بۆ گەندەڵی، بۆیە گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژە یاساکەوە ئەمڕۆ کۆتایی پێهات و دەکرێ لەوەرزی داهاتوودا بخرێتەوە خشتەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە.
بە گوتەی ئەم پەرلەمانتەر کوردە، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای ژێرخانی ئابووری کەلەخولی پەرلەمانی رابردوو مابووە، ماوەی دووساڵیشە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ. یەکەمجار پەرلەمانتاران رەتیان دەکردەوە، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی عارف تەیفور لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردنی بۆچوونەکانی پەرلەمانتاران لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە و رێکخستنی رەشنووسی پرۆژە یاساکە پێکهێنا.
ئاماژەی بەوەش کرد: بەپێی پرۆژە یاساکە لەهەموو ئەو پرۆژانەدا کە ناوەندی (اتحادی)نییە کورد بەشی 17%ی جێگیرکردووە، هەروەک لەلیژنەیەکیش کە وەزیری پلاندانانی هەرێمی تێدایە کە کاری ئەو پرۆژەیە رەزامەندی دەردەبڕێ لەسەر ئەو پرۆژانەی پەیوەندیان بەهەرێمی کوردستان هەیە.
ئەوەشی گوت، سەرەتای دەنگدانەکە لەسەر بڕگەی یەکەمی خشتە پێشنیارکراوەکە بوو کە لیژنەی خزمەتگوزاری داینابوو بۆ پرۆژە یاسای ژێرخانی ئابووری کەخشتەیەکی زۆر باشبوو کە یەکەم بڕگەی بۆ نیشتەجێبوون و گواستنەوە و تەندروستی، لەبواری گواستنەوەدا هێڵی شەمەندەفەری تێدا دانراوە کە لەبەسراوە تا زاخۆ دەگرێتەوە بەبڕی 15 ملیار دۆلار کە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیشی تێدایە، کورد دەنگی لەسەر ئەو بڕگەیەدا، بەڵام کەهاتە ناو پەرلەمان هەرچەندە کورد دەنگی لەسەردا، بەڵام هەر ئەو پێشنیارە شکستی هێنا.
بڕیارە رۆژی 15ی تشرینی دووەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماوەی 30 رۆژ پشوو وەربگرن و وەرزی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە 15 کانوونی یەکەمی 2013 دەست پێبکاتەوە
