زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدایان هەژاند
سەعد موعن، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند \"تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك بازاڕێكی میلـلی لە گەڕەكی شەعب لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا كوژرانی 5 كەس و برینداربوونی 13 كەسی دیكەی لێكەوتەوە لەگەڵ سووتانی 15 ئۆتۆمبێلی مەدەنی\"".
لەلایەكی دیكەوە لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەنزیك بازاڕێكی میلـلی لە گەڕەكی سەبع ئەلبوری باكووری شاری بەغدا كەسێك كوژراو 9 ی دیكەش برینداربوون.
لە ناوچەی مەشتەلی باشووری رۆژئاواش تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو كوژرانی 3 كەس و برینداربوونی 11 ی دیكەی لێكەوتەوە.
لە درێژەی زنجیرە تەقینەوەكاندا و لەئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەكی حورییە 5 كەس كورژان و 9ی دیكەش برینداربوون.
لە ناوچەی (شورتەی رابیعە)ش بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو 2 كەس كوژران و 5 كەسیش بریندار بوون، لە شەقامی تەندروستی هەمان ناوچەش بەهۆی تەقینەوەیەكەوە 6 كەس بریندار بوون.
تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی ئەبودشێر كوژرانی 4 كەس و برینداربوونی 12 كەسی دیكەی لێكەوتەوە.
ژمارەی قوربانییانی، گەڕەكی تالیبییەش گەیشتە 2 كوژراو و 5 بریندار، لە ناوچەی بەلەدیاتیش بەهۆی تەقینەوەیەكەوە 4 كەس كوژران و 9 ی دیكەش برینداربوون، هەروەها تەقینەوەكەی ناوچەی نەهرەوانیش كوژرانی 3 كەس و برینداربوونی 18 ی دیكەی لێكەوتەوە.
ماوەیەكە گرووپە چەكدارەكان پشتیان بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و بۆمبی چێنراو و بۆمبی لكێنراو بەستووە بۆ ئەنجامدانی كردەوە چەكدارییەكانیان لە عێراق بەتایبەتیش لەشاری بەغدا، سەرەڕای بەئامانجكردنی دەزگاكانی دەوڵەت وەكو هەوڵێك بۆ شێواندنی باری ئەمنی وڵات.
رووداو "
