عێراق چیدیكە مامەڵە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورپا ناكات

 عێراق چیدیكە مامەڵە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورپا ناكات
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەكان و بەرپرسان كرد چیدیكە مامەڵە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی عێراق لە پەرلەمانی ئەورووپا، بەتایبەت سەرۆكەكەی ستروان ستیڤنسوون نەكەن.

لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتو‌وە رایگەیاندووە: \"بانگهێشتكردنی تاریق هاشمی كە بە بڕیاری دادگای عێراق تاوانبارە بۆ ئامادەبوون لە كۆنگرەی برۆكسل، هەڵەیەكی زۆر گەورەبوو كە لیژنەی پەیوەندییەكانی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپادا تێیكەوت\"".

لیژنەكە داواشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد پێشوازی لە ستروان ستیڤنسوون و شاندەكەی نەكەن، كە بڕیارە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، كە بڕیارە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە باڵەخانەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوە.

تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بە بانگهێشتێكی فەرمی لەلایەن یەكێتی ئەورووپاوە سەردانی بەلجیكای كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر مافی مرۆڤ، بەڵام بە هۆی رووبەڕووبوونەوەی تو‌وندی حكومەتی عێراق رێگە نەدرا بەشداریی بكات و گوتەكەی پێشكەش بكات.

دادگای عێراق چەند سزایەكی لەسێدارەدانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بۆ تاریق هاشمی دەركرد، كە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی توركیایە،ئەوەش بە تۆمەتی تێوەگلانی لە كاری تیرۆریستی.






رووداو"
Top