هاشمی، هێرش دەكاتەوە سەر مالیكی و حكومەتەكەی

 هاشمی، هێرش دەكاتەوە سەر مالیكی و حكومەتەكەی
سەردانی تاریق هاشمی، جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپی و دەركەوتنی لەگەڵ بیرنارد كۆشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و چەند بەرپرسێكی دیكەی وڵاتانی ئەوروپا، بووە جێی نیگەرانی حكومەتی عێراق، بەتایبەت سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی. لەكاتێكدا هاشمی لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە بەتۆمەتی \"تێوەگلان لەكاری تیرۆریستی\"" چەندینجار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

هاشمی لەدرێژەی چالاكییەكانی لە برۆكسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیكا كە بە داوەتنامەیەكی پەرلەمانی ئەوروپا هەفتەی رابردوو سەردانی كرد، رایگەیاند:\""مالیكی عێراقی بە بارمتە گرتووەو بەنایاسایی و ناڕەوا هاووڵاتیانی سووننە مەزهەبی عێراق لەسێدارە دەدات و ئاسانكاری بۆ پڕچەككردنی رژێمی بەشار ئەسەد دەكات لە سووریا\"".

هاشمی گوتیشی \""من ئامادەم لەپێش دادگاكانی عێراق ئامادەبم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم، ئەگەر دادگایەكی دادپەروەرانەم بۆ مسۆگەر بكرێ\"".

هاشمی كە بەشداریی كۆنگرەی مافی مرۆڤ و دادپەروەری بوو، كە یەكێتی ئەوروپا سازی دەكات لە برۆكسل گوتارێكی لەبارەی ئەو ئاستەنگەی كە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە لەبواری مافی مرۆڤ و كەیسی لەسێدارەدان و گەندەڵی دارایی پێشكەش كرد، تێیدا مالیكی و دەزگا ئەمنییەكانی عێراقی بە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلكردنی بێ سنووری مافی مرۆڤ تۆمەتبار كرد.

جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق زیاتر گوتی \""زۆربەی ئەوانەی لە بەندیخانەكانی عێراق بەندن بێتاوانن، لەكاتێكدا تاوانبارە راستەقینەكان لە دەرەوەی بەندیخانەن و هەموو دەسەڵات و ئیمتیازاتێكیان پێبەخشراوە\"".

لای خۆیەوە كەناڵی ئاسمانی (حورە) لە زاری سەلمان جومەیلی، سەرۆكی فراكسیۆنی عێراقییە لەپەرلەمانی عێراقی گواستییەوە:\""فراكسیۆنی عێراقییە تاوەكو ئێستا وەك جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەڕوانێتە تاریق هاشمی و دان بە بڕیارەكانی دادگا نانێ لە بارەی هاشمییەوە، چونكە ئەو دانپێدانانەی كە دادگا لە كەیسەكەی هاشمی پشتی پێبەستوون بە ئەشكەنجەدان وەرگیراون\"".

ئەمە لەكاتێكدایە هاشمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە برۆكسل كۆمەڵێك دیكیۆمێنت و گرتەی ڤیدیۆیی خستەڕوو كە بەگووتەی ئەو حكومەتی عێراق بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئەشكەنجەدان لە بەندیخانەكانی عێراق تاوانبار دەكات، هاوكات داوای دەستلەكاركێشانەوەی مالیكی كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی كە عێراقی پێدا تێدەپەرێ.










رووداو"
Top