ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆر کەموکوڕی تێدایه‌

 ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆر کەموکوڕی تێدایه‌
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ھۆکاری دواکەوتنی ره‌وانە نه‌کردنی بودجە بۆپەرلەمانی عێراق بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە بودجەی ئەمساڵ زۆر کەموکوڕی تێدایە و ئێمەش داوامانکردووە کە پێش ئەوەی ره‌وانەی پەرلەمان بکرێت کەموکوڕییەکان چارەسەربکرێن.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەKDP.infoراگەیاند: تاوەکو ئێستا بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و نەگەیشتۆتە پەرلەمان ، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ زۆر کەموکوڕی تێدایە و نەفه‌قاتی سیادی زۆر دانراوە و داواکارییەکانی کوردیش لە بەر چاونەگیراون.

نەجیبە نەجیب گوتیشی: داوامان کردووە پێش ئەوەی بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت کەموکوڕییەکان چارەسەربکرێن و تێبینیەکانی کوردیش لەبەر چاو بگیرێن ئەو کات ره‌وانەی پەرلەمان بکرێت.

نەجیب رونیشیکرده‌وە، بودجەی عێراق 174ترلیۆن دینارە و لەو بودجەش زیاتر لە18ترلیۆن پشکی کوردە.

ئەو ئەنامەی لیژنەی دارایی وتیشی: ئەگەر بێتو لەم ھەفتەیە بتوانن کەموکوڕییەکانی بودجە چارەسەربکەن ، رەنگە ھەفتەی داھاتوو رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو داواکاری کورد لە بەرچاونەگیراوە، تایبەت بودجەی پێشمەرگە و پارەی کۆمپانیاکانی نەوت كه‌ لە کوردستان کارده‌کەن ، چونکە 16ترلیۆن بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە عێراق تەرخانکراوە و تەنھا یەک ترلیۆنی بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە کەئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە
Top