سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە

 سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە
بڕیارە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق پێش دانیشتنی پەرلەمان كۆببنەوە، بە گووتەی پەرلەمانتارێكیش مەرج نییە لەو دانیشتنەدا بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بدرێ.

شۆڕش حاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند: \"بڕیارە سبەی یان دوو سبەی پێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لایەنە سیاسییەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر تەوەرەكانی دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان\"".

گوتیشی: \""مەرج نییە لە‌و كۆبوونەوەیەدا راستەوخۆ ئەجێندای یاسای هەڵبژاردن بخرێتەڕوو و باسی لێوە بكرێ، تەنیا دەكرێ بزانین تاوەكو چەند بەرەوپێشچوونمان هەیە لەسەر خاڵە ناكۆكەكانی یاساكە\"".

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق تاوەكو 30 ئەم مانگە دەرفەتی داوەتە لایەنە سیاسییەكان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك لەسەر یاسای هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق.

بەپێی راگەیاندنی لایەنە سیاسییەكان، خاڵە ناكۆكەكانی پرۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بریتین لە: پشتبەستن بە بازنەی كراوە یان داخراو، یەكبازنەیی یان فرە بازنەیی و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت یان هێشتنەوەی و رێگەگرتن لە كاندیدكردنی هەڵگرانی دوو ناسنامە و مەرجی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و تەمەنی كاندیدەكان.





رووداو"
Top