شەبەك بەبەرنامە دەكرێنە ئامانج، پێویستە پارێزگاریان لێبكرێ
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند: نەوەكانی شەبەك لەپارێزگای موسڵ بەئامانجی كراون بەزۆر لەناوچەكانیان دەردەكرێن، هەردوو حكوومەتی ناوەندی و ناوخۆیی لەپارێزگای موسڵ بەرپرپرسیارن لەدابینكردنی بەربەستێكی تەناهی بۆیان، تابتوانن پارێزگاری لەژیان و ماڵیان بكەن لەكاتێكدا ئەوانە نەوەی رەسەنی ئەو ناوچەیەن.
ئەشواق جاف كە هاوكات ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانە گوتی، ئەو كردە تیرۆریستیانەی لەپارێزگای موسڵدا دژ بەكەمەنەتەوەییەكان لەبەرزبوونەوەدایە لەئەنجامی لاوازی و بێدەستەڵاتی دەزگا و دامەزراوە تەناهییەكانە بۆ پارێزگاری لەژیان و ماڵی هاوڵاتیان و لاوازی ئاستی رووبەرووبوونەوەی پلان و بەرنامەی تیرۆریستان لەناوچەكەدا، كەتیرۆریستان بەسەركەوتوویی یاری بەژیانی هاوڵاتیان دەكەن.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی بەرامبەر بە شەبەك لەپارێزگای موسڵدا روودەدات پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ وپێچەوانەی هەموو ئاینەئاسمانی و یاساكانە كە مافی ئاسایش و سەلامەتی بۆ هەموو هاوڵاتیان بەشێوەیەكی یەكسان دابین كردووە.
لەتەقینەوەی بارهەڵگرێكی بەمینرێژراو، رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2013 پارێزگای موسڵ 12 كەس كوژراو برینداربوونی 48 هاوڵاتی دیكەی لێكەوتەوە كە كۆمەڵگەیەكی ئاوارەی شەبەكیان لەناحیەی رەلە لەرۆژهەڵاتی موسڵ كردبووە ئامانج.
شەبەك لە 72 گوندی دەشتی موسڵدا بڵاوبوونەتەوە، بەگوێرەی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 450 هەزار كەس هەژمار كراون.
