نوێنەرێکی کورد: نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، موزایەدەى سیاسى گەرمتر کردووە

نوێنەرێکی کورد: نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، موزایەدەى سیاسى گەرمتر کردووە
ئەندامێکى کوردى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند: پرۆپاگەندەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەلایەن بارستەکانەوە دەستپێکردووە و داواکارە بۆ شکاندنى یەکتر نەبێت و هاووڵاتیانیش لەو پروپاگەندانە ئاگادار بن.





ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەهاوپەیمانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان، ئەشواق جاف، بەئاژانسی پەیامنێرى راگەیاند: لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بارستە سیاسیەکان دەستیان بە بانگەشە و موزایەدەى سیاسى و گفتوگۆى توند لەناو هۆڵى پەرلەمانى عێراقدا کردووە.



ئەشواق جاف، گوتی: ئەوەى لەسەر بارستە سیاسیەکان پێویستە لەیەکتر شکاندن و پەکخشتنى عەمەلەییەى سیاسى لەعێراقدا دووربکەونەوە، بەڵکو پێشبڕکێیەک بکەن تەنیا و تەنیا لەپێناوى خزمەتى گەلى عێراقدا بێت نەک لایەنێکى دیاریکراو.



رونیشیکردەوە: مەبەست لەپرۆسەى هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنى نوێنەرە تا خزمەتى گەلى عێراق بکات، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانیش لەو موزایەدە و بانگەشانەى کەدەستى پێکردووە لەلایەن بارستە و لایەنە سیاسیەکانەوە لەعێراقدا ئاگادار بن، بەتایبەتى ئەو ئاراستانەى کار لەسەر لایەنى بەرامبەریان دەکەن و تۆمەتیان بۆ دەبەخشنەوە.



ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رۆژى 7ى تشرینى یەکەمى 2013 لە ئاخرین کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا ئەگەر لایەنەکان تا 30 ئەم مانگە لەبارەى پرۆژە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە نەگەنە رێکەوتنێک، یاساى پێشوو هەموار دەکرێتەوە و پێویستە تا30ى نیسانى 2014 هەڵبژاردنە لەعێراقدا ئەنجام بدرێت.
Top