موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ موچەی سەربازی زیاد دەكرێت
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، \"حەسەن جیھاد\"" بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بڕیاری زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە وەزارەتی ناوخۆ، لە ئێستادا گەیشتۆتە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و دوای ئیمزاکردنی دەنێردرێتەوە بۆ حکومەتی عێراق و دواتر لەلایەن حکومەتەوە رێنمایی پێدەردەکرێت و زیادبوونەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
حەسەن جیھاد ئاماژەشی دا، بەپێی بڕیارەکە جۆری زیادکردنەکە وەکو پارە دیاری نەکراوە، بەڵام نووسراوە \""زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی ناوخۆ وەکو موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی لێدەکرێت\"" کە ئەوان چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆیان زیادکراوە.
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان کە دەست ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر کەوتووە، خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ لە وەزارەتی بەرگری عێراق یەکەم موچەی یەک ملیۆن و ٥٠ھەزار دینارە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: زیادکردنی موچەکە بە شێوەیەکە لەبەر زۆریی رێژەکەی بۆتە ھۆی ناڕەزایی لایەنە سەربازی و پۆلیسییەکان و رایانگەیاندووە کە فەرمانبەرە مەدەنییەکان دەوامیان وەکو پۆلیس و سەرباز نییە و وەکو ئەوانیش مەترسیان لەسەر نییە، بۆیە نەدەبوو بەو شێوەیە موچەکەیان زیادبکرێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەپێی یاداشتێکی فەرمانبەرانی مەدەنی کە بۆیان رەوانە کراوە، رایانگەیاندووە کە \""ئەوان ھەموو رۆژێک دەوام دەکەن و ھەروەھا لە رێگا و بانەکانیش وەکو ھێزە ئەمنییەکان مەترسیان لەسەرە\""، ھەربۆیە بڕیاری زیادکردنی موچەکەیان درا و بە مافی رەوایان داندرا.
سەبارەت بە دەنگۆی خەرجکردنی زیادەی موچەکە لە مانگی ١ی ٢٠١٣ـەوە، حەسەن جیھاد رەتیکردەوە و رایگەیاند: ئەو بڕیارەی ساڵانی پێشوو نەماوە بۆ نموونە لە مانگی حەوت موچەی پۆلیس لە پەرلەمان بڕیاری لەسەردرا، بەڵام لەسەرەتای ساڵەوە بۆیان ئەژمارکرا و گوتی، بڕیاری خەرجکردنی زیادەی موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەبێت.
روونیشی کردەوە، پێدەچێت لە ماوەی یەک مانگی داھاتوودا، کارە یاساییەکانی زیادکردنەکە تەواوبێت و رێنمایی تایبەتی پێدەربکرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەش کە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم رایگەیاندووە، بڕیاری زیادکردنەکە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، حەسەن جیھاد گوتی، ھاوشێوەی زیادکردنی موچەی پۆلیس، دوای دەرچوونی بڕیارەکە لە بەغدا، رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و لە ھەرێمیش بڕیارەکە دەدرێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت سەبارەت بەوەی چ فەرمانبەرێک دەگرێتەوە ئەو کات خەرج دەکرێت، بە دڵنیاییەوە زیادکردنەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
